Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

هەفتەیەک لەنێو ریال مەدرید؛ دۆڕانێکی دراماتیکی پێگەی ئاڵۆنسۆی سستکردووە

ریال مەدرید بڕیاری دوورخستنەوەی ئاڵۆنسۆی داوە؟

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید بە هەستیارترین دۆخی ئەم وەرزە تێدەپەڕێت و هەموو بژاردەیەک بەکراوەیی ماوەتەوە.

مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، 1-2 بە مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ دۆڕا، چوار رۆژ بەر لەو یارییە، لە هەمان یاریگا 0-2 بە سێلتا ڤیگۆ لە لالیگا دۆڕا.

دوو دۆڕانی یەک بەدوای یەک، فشارێکی بێوێنەی لەسەر ئاڵۆنسۆ دروستکردووە و هەمووان پرسیار دەکەن، ئایا ئاڵۆنسۆ لە مەدرید بەردەوام دەبێت؟

پاشەکشێی ئەنجامەکان

لەوەتەی ریال مەدرید ل مانگی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی رابردوو لە بێرنابیۆ لە بارسێلۆنای بردەوە، یانەکە بەتەواوی شێوا.

ریال مەدرید بە جیاوازی پێنج خاڵ لەگەڵ بارسێلۆنا، پێشەنگی لالیگا بوو، کەچی ئێستا بە جیاوازی چوار خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگ دوورە.

ئامارێکی مەترسیدار دەوری ریال مەدریدی گرتووە، لە شەش یاریی رابردووی یانەکە لە لالیگا، تەنیا دوو یاریی بردووەتەوە.

لە دوا یاریی بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ، جیا لە دۆڕاندنی یارییەکە، هەریەکە لە فران گارسیا، ئالڤارۆ کارێراس و ئێندریک بە کارتی سوور دەرکران.

لەلایەکی دیکەوە، ئیدێر میلیتاو، بەرگریکاری یانەکە تووشی پێکانبوو و لەوانەیە 3-4 مانگ لە یاریگاکان داببڕێت، ئەمەش قەیرانی یانە شاهانەکەی دوو ئەوەندە لێکردووە.

ئاڵۆنسۆ دووردەخرێتەوە؟

تۆڕی ئاتلێتیک لە زاری بەرپرسانی باڵای یانەکە، نوێترین زانیاری لەسەر چارەنووسی ئاڵۆنسۆ دەستکەوتووە.

لەدوای کۆبوونەوە لەناکاوەکەی دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید بە سەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە دوای دۆڕانی یارییەکەی سێلتا ڤیگۆ، کورتکراوەکە بریتیی بوو؛

هیچ کەسێک لە یانەکە ناتوانێت مانەوەی ئاڵۆنسۆ لە ئەگەری دۆڕانی بەرامبەر مان سیتی پشتڕاست بکاتەوە.

ریال مەدرید دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی پڕۆژەی ئاڵۆنسۆ بکات، بەڵام ئەنجامە خراپەکان و شێواندنی وێنەی یانەکە، هۆکاری بەهێزن بۆ دوورخستنەوەی راهێنەرە باسکییەکە.

بەگوێرەی زانیاری نێو یانەکە، پۆستەکەی ئاڵۆنسۆ لەژێر هەڕەشەدایە، بەڵام دوورخستنەوەی یەکلایینەکراوەتەوە و ئێستا بەهێزترین بژاردە نییە.

پاڵێوراوانی شوێنگرتنەوەی کێین؟

ریال مەدرید، لیستێکی راهێنەرانی دڵخوازی ئامادەکردووە، ئەمەش لە ئەگەری بڕیارێکی لەناکاوی دوورخستنەوەی ئاڵۆنسۆ لە پۆستەکەی.

ئالڤارۆ ئاربێلۆوا، بەرگریکاری پێشووی یانەکە و راهێنەری ئێستای تیمی کاستییا، پاڵپشتی بەشێکی بەرچاوی یانەکەی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە هەیە.

زینەدین زیدان، ئەفسانەی فەڕەنسا، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ پێرێز هەیە، بەڵام زیزۆ چاوەڕێی وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەڕەنسایە، لە دوای تەواوبوونی مۆندیالی 2026.

ناوی یورگن کڵۆپ، راهێنەری پێشووی لیڤەرپوول لە میدیاکان باس دەکرێت، بەڵام ئاتلێتیک لە کەسانی نزیک لە راهێنەرە ئەڵمانییەکە زانیویەتی، کڵۆپ بە پڕۆژەی ئێستای لەگەڵ کۆمپانیای رێدبووڵ دڵخۆشە.

بڕیارە پڕ مشتومڕەکانی ئاڵۆنسۆ

دوای بردنەوەکەی ریال مەدرید لە ئاتلێتیک بیلباو، ئاڵۆنسۆ دوو رۆژ پشووی بە یاریزاناندا، ئەمەش بە بڕیارێکی ‘خراپ’ لێکدراوەتەوە، چونکە یاریزانان پێویستییان بە ئامادەکاری زیاتربوو، بەر لە رووبەڕووبوونەوەی سێلتا ڤیگۆ.

بەگوێرەی ئاتلێتیک، بڕیارەکەی ئاڵۆنسۆ، کاردانەوەی زۆر تووندی لە نێو یانەکە لێکەوتووەتەوە، بە هۆکارێکی سەرەکی دۆڕانی یارییەکەی دادەنێن

بابەتی زیاتر

Back to top button