فلیک چۆن هەواڵی دۆڕانی ریاڵ مەدریدی بیست؟ وەڵام دەداتەوە
فلیک زانیاری نوێ لەسەر تێڕشتێگن دەدرکێنێت

یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێڵۆنا، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییە گرنگەکەیان بەرامبەر ئاینتراخت فرانکفۆرت لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، باسی لە چەندین تەوەرەی گرنگ کرد، لەوانە ئامادەکارییەکان، دۆڕانی ریاڵ مەدرید و ئاستی سەرسوڕهێنەری پاو کوبارسی.
یارییەکی قورس و رکابەرێکی مەترسیدار
فلیک دانی بەوەدا نا کە رووبەڕووبوونەوەی فرانکفۆرت بۆ ئەو تایبەتە، گوتی،
“ئەم یارییە بۆ من تایبەتە، ماوەیەکی زۆر لەوێ کارم کردووە و ماڵم لەو ناوچەیە نزیکە، تەنانەت نەوەکەشم هاندەری فرانکفۆرتە.”
سەبارەت بە ئاستی رکابەرەکەشیان رایگهیاند،
“ئەوان تیپێکی زۆر گەنج و خێران، راستە ئەنجامەکانی دواییان باش نەبووە، بەڵام ئەگەر لە باشترین ئاستی خۆماندا نەبین، دەتوانن ئازارمان بدەن.”
کوبارسی مێژووی نووسیوەتەوە
راهێنەرە ئەڵمانییەکە ستایشێکی بێوێنەی پاو کوبارسی کرد و ئامارێکی مێژوویی ئاشکرا کرد،
“کوبارسی تەنیا 18 ساڵە و ئێمە زۆرجار ئەمە لەبیر دەکەین. لە یاری رابردوو بەرامبەر بیتیس 87 پاسیدا بە ڕێژەی سەرکەوتنی 100٪. پێموایە ئەو یەکەم یاریزانە لە مێژووی لالیگا ئەم ژمارەیە تۆمار بکات، هێڵی بەرگریمان ئێستا زۆر جیاوازتر و باشتر یاری دەکەن بەراورد بە مانگێک پێش ئێستا.”
دۆڕانی ریاڵ مەدرید و جیاوازی خاڵەکان
سەبارەت بە دۆڕانی ریاڵ مەدرید بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ، فلیک بە ساردی وەڵامی دایەوە و گوتی،
“وەک یارییەکەی پێشوو، من لەناو جێگەی خەودا بووم کاتێک نامەکەم پێگەیشت، ئێمە تەنیا سەیری خۆمان دەکەین و نامەوێت وزەی خۆم بەفیڕۆ بدەم بۆ باسی ڕکابەرەکان.”
کۆنترۆڵکردنی یاری و رۆڵی جێرارد مارتین
فلیک جەختی لەسەر گرنگی کۆنترۆڵکردنی یاری کردەوە و گوتی،
“کۆنترۆڵکردن ئەوەیە کاتێک تۆپ لەدەست دەدەین، وەک یەک بلۆک و بە یەکگرتوویی بەرگری بکەین. ئەمەمان لە یارییەکانی ئاتلێتیکۆ و بیتیس بینیمان.”
هەروەها بەرگری لە جێرارد مارتین کرد،
“ئەو یاریزانێکە هەموو توانای خۆی دەبەخشێت، وهكو یاریزانێکی چەپ لەو پێگەیەدا کاتێک تۆپمان لایە، چارەسەری زیاترمان پێدهدات.
پەیوەندی لەگەڵ تێر شتیگن
لەسەر پرسی گەڕانەوەی تێر شتیگن بۆ پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، فلیک روونیکردەوە،
“من بەردەوام پەیوەندیم لەگەڵ مارک هەیە، بەڵام تاوهیكو ئێستا پەیوەندیم بە یولیان ناگلیسمانەوە نەکردووە.”
بڕیارە سبەی شەو کاتژمێر 11:00، بارسێڵۆنا لە دەرەوەی یاریگای خۆی ببێتە میوانی ئاینتراخت فرانکفۆرت لە گەڕی شەشەمی چامپیۆنزلیگ.



