
یاریگا –
دۆخی لیڤەرپوول هیوای لێ بەدیناکرێت و هەفتە لەدوای هەفتە خاڵ لەدەستدەدەن بەرامبەر ئەو یانانەشی کە پاڵێوراوی نازناوەکە نین. ئەمشەوی دوو خاڵی زێڕینیان بەرامبەر لیدز یونایتد لێ رۆشت کاتێک 3-3 یەکسانبوون.
تیمەکەی ئارنە سڵۆت لە کۆتا 5 یاریی لە پرێمەرلیگ یەک جار تامی بردنەوەیان کردووە.
ئەمشەو تا خولەکی 73 بە دوو گۆڵی بێ وەڵام لەپێش بوون. لیدز لە رێگەی لێدانی سزاوە ئەنجامەکەی یەکسان و، دوای تەنها دوو خولەکیش یەکسانی کردەوە. ئەگەرچی دۆمێنیک سۆبۆسلای لە خولەکی 80 جارێکی دیکە رێدزی پێشخستەوە، بەڵام یانەی خاوەن ماڵ لە خولەکە زیادکراوەکاندا و بە دیاریکراوی لە 6+90 بە دوای تۆپێکی کۆڕنە نەیانهێشت کوڕانی سڵۆت ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن.
لەدوای یاریەکە پرسیار لە راهێنەرە هۆڵەندیەکە کرا دەرباری هەستی دوای ئەنجامە شۆکهێنەرەکە و وتی
هەست بە باوەڕبەخۆنەبوون دەکەم. چونکە پێموایە ؛ە زۆر بەشی یارییەکە باش یاخود تا ئاستی زۆر باش یارییمان کرد.
دەربارەی ئەو هەلە ئاسانانەی لەسەریان دەبێتە گۆڵ، سڵۆت وتی
پێموایە هیچ هەلی گۆڵ لێکردنمان رووبەڕوو نەبووەوە تا ئەوکاتەی کە خۆمان فاوڵێکمان کرد کە تەنانەت هەر هەل (مەتریش نەبوو)، ئەوەبوو بەهۆی ڤارەوە کرا بە لێدانی سزا لە دژمان. ئەنجامەکە بووە 1-2. پاشان لە یەکەمین هەلیاندا کردیانە 2-2. دواتر پێشکەوتینەوە و پێتوایە تەواو ئەوە یارییەکەت بۆ دەباتەوە، کەچی جارێکیتر لە تۆپە وەستاوەکانەوە گۆڵمان لێکرایەوە.
سڵۆت بێزاریی خۆی دەربڕی لە گۆڵانەی لە تۆپە وەستاوەکانەوە لێیان دەکرێت
وابزانم ئەوە جاری 10 یان 11هەم بوو لەم وەرزە بە تۆپی وەستاو گۆڵمان لێ تۆمار بکرێت. هەر یانەیەکی دیکە بێت جگە بەو شێوەیە گۆڵیان لێبکرێت، ئێستا خاڵیان لە ئێمە زیاتر نەبوو. ئێمە جۆرە گۆڵێکمان لێدەکرێت بەبێ ئەوەی تیمی دژبەر هەلی دروستکردبێت. زۆر قورسە یاریی تۆپی پێ بکەیت بەبێ ئەوەی هەلت لەسەر دروست بکرێت و کەچی لەپڕێکدا تۆرەکەت بهەژێنرێت. بۆیە دەبێت تەنها لۆمەی خۆمان بکەین. بارودۆخەکە بەم شێوەیە.
لیڤەرپوول ئێستا لە پرێمەرلیگ 23 خاڵی هەیە و لە پلەی 8 دەبینرێت. لە چامپیۆنزلیگیش دۆخی خراپترە و لە پلەی 13ی پاڵەوانێتیەکەن.
خشتەی ئەم مانگەشیان قورسە. ئینتەر میلان، بڕایتن، تۆتنهام و بەر لە سەرەتای ساڵی نوێیش وۆڵڤزیان لەپێشە. ئەگەر بەگوێرەی دەنگۆیەکان بێت، رەنگە دیسەمبەر کۆتا دەرفەت بێت بۆ سڵۆت بۆ راستکردنەوەی بارە لارەکە.
“The only ones to blame are us”
Arne Slot speaks after Liverpool’s draw with Leeds 🎙️ pic.twitter.com/WtGBtd5HdG
— Sky Sports Premier League (@SkySportsPL) December 6, 2025



