
یاریگا –
چەند یانەیەکی خولی ئەستێرەکانی عێراق، گفتوگۆی سەرەتاییان لەگەڵ ئەستێرەیەکی پێشووی یانەی هەولێر دەستپێکردووە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی ئاگادار زانیویەتی، دوو یانەی کوردستانی و یانەیەکی باشووری عێراق، هەوڵی گواستنەوەی یوسف بن سۆدە، یاریزانی توونسی دەدەن.
بن سۆدە لە هاوینی ساڵی رابردوودا، لە یانەی شەبابی کوێتییەوە پەیوەندی بە هەولێر کرد. یاریزانە توونسییەکە یەکێکبوو لە دیارترین یاریزانانی یانەکەی قەڵا و منارە، لە کۆی 30 یاریی خولی ئەستێرەکانی عێراقی وەرزی رابردوو، بن سۆدە 11 گۆڵ و چوار ئەسیستی هەبوو.
سەرچاوەکە دووپاتیدەکاتەوە، یانەکانی دهۆک و زاخۆ و نەجەف گفتوگۆی سەرەتاییان لەگەڵ بن سۆدە دەستپێکردووە، تاوەکو لە بازاری گواستنەوەی زستانەی داهاتوو، جارێکی دیکە بگەڕێتەوە خولی ئەسثێرەکانی عێراق.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی یاریگا، دهۆک لەسەر داوای عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری یانەکە، هەوڵی گواستنەوەی دەدەن و لە هەردوو یانەی زاخۆ و نەجەف لە گواستنەوەی بن سۆدە جیددیترن.
تاوەکو ئێستا بن سۆدە رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ هیچ یانەیەک نەکردووە، بەڵام بەگوێرەی ئاماژەکان دهۆک نزیکترین یانەیە.
لە هاوینی رابردوودا و دوای بەسەرچوونی گرێبەستەکەی و نالەباری دۆخی ئەوکاتی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر، بن سۆدە پەیوەندی بە یانەی ریفاعی بەحرەینییەوە کرد.
لەم وەرزەدا لە کۆی حەفت یاریی، تەنیا دوو گۆڵی کردووە. یانەکەی بن سۆدە لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولی نایابی بەحرەینە و سێ خاڵ لە یانەی خالیدییەی پێشەنگ دوورە.



