بە بەشداری ئەستێرەی جیهانی ئاهەنگی تیروپشکی مۆندیالی 2026 لە واشنتن دەکرێت
فیفا وردەکارییەکانی رێوڕەسمی تیروپشکی مۆندیالی 2026 لە ناوەندی کێنێدی ئاشکرا دەکات

یاریگا –
واشنتن دی سی، پایتەختی ئەمریکا ئامادەکاری بۆ میوانداریکردنی ئاهەنگێکی گەورە بۆ تیروپشکی جامی جیهانی 2026 دەکات.
بڕیارە رێوڕەسمەکە هەینی 5ی ئەم مانگە بە بەشداری چەندین ئەستێرەی گەورەی میدیایی و هونەری بەڕێوەبچێت.
کێڤن هارت، ئەکتەری بەناوبانگی کۆمیدی ئەمریکی و هادی کلووم، میدیاکار و فاشۆن مۆدڵی ئەڵمانی لەگەڵ دانی رامیرێز، ئەکتەری ئەمریکی پێشکەشکاری سەرەکی رێوڕەسمەکە دەبن.
رێوڕەسمەکە چەندین چالاکی جیاوازی تێدا دەکرێت و لەسەر ئاستی هونەرییەوە، ئاندرێیا بۆچێلی، تێنۆر-ی گەورەی ئیتاڵی و نیکۆڵ شێرزینگەر، گۆرانیبێژی ئەمریکی و رۆبی ویڵیامز، گۆرانیبێژی بەناوبانگی بەریتانی بەشداری دەکەن.
رێوڕەسمی تیروپشکی جامی جیهانی 2026 رۆژەڤی سەرەکی ئێستایە، چونکە یەکەمجارە مۆندیالی بەبەشداری 48 وڵات بەڕێوەبچێت و پێشبینیدەکرێت، سەدان ملیۆن کەس بینەری بن.
رێوڕەسمەکە کاتژمێر 19:00 بە کاتی هەولێر (12:00 بە کاتی واشنتن) لە ناوەندی کێنێدی لە واشنتن دەستپێدەکات.
فیفا لەڕێی وێبسایت و چەناڵی فەرمی لە یوتیوب، رێوڕەسمەکە بە خۆڕایی پەخش دەکات و کەناڵەکانی وەکو فۆکس سپۆرت، TSN و بی ئین سپۆرتس رێوڕەسمەکە دەگوازنەوە.



