شەرمەزارییە؛ هاندەرانی بۆڕووسیا دۆرتموند پەیامێکی تووند ئاراستەی بارسێلۆنا و لالیگا دەکەن
زەردەواڵەکان دژی بڕیارەکانی تێکدانی تۆپی پێن

یاریگا –
هاندەرانی بۆڕووسیا دۆرتموند هێرشێکی تووند دەکەنە سەر لالیگا و بارسێلۆنا، دژی ئەوەن یاریی خولەکان لە وڵاتێکی دیکە بەڕێوەبچێت.
شەوی رابردوو لە یارییەکانی گەڕی پێنجەمی قۆناخی خول لە چامپیۆنزلیگ بۆڕووسیا دۆرتموند میوانداری ڤیاڕیالی ئیسپانی کرد، هاندەرانی دۆرتموند لەناو دیواری زەردی یاریگای سیگناڵ ئیدونا پارک سێ بانەریان لەدژی بەڕێوەچوونی یارییەکەی بارسێلۆنا و ڤیاڕیال لە ئەمریکا بەرزکردەوە.
لە بانەری یەکەم نووسیویانە “ماڵەوە ئەو شوێنەیە کە دڵی تۆی لێیە” لەسەر بانەری دووەمیش نووسیویانە “دژی هەموو یارییەکی دەرەوەی وڵاتین”، لە بانەری سێیەمیش پەیامێکی تووندیان ئاراستەی لالیگا کردووە و نووسیویانە “نەفرەت لە لالیگا و یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا”.
“El hogar está donde esta tu corazón… Puta LaLiga, Puta RFEF”.
Honor a la afición del Borussia Dortmund, que saca justamente estas pancartas el día que les visita el Villarreal, que era uno de los equipos que iba a ir a jugar a Miami.
Qué grandes. pic.twitter.com/vDkiS57sKh
— Iván (@IvaanBlanco26) November 25, 2025
بڕیاربوو یاریی نێوان ڤیاڕیال و بارسێلۆنا لە یارییەکانی گەڕی 17ـی لالیگا لە ئەمریکا لە یاریگای هارد رۆک بەڕێوەبچێت و لالیگا بەفەرمی بڕیارەکەی پەسەند کردبوو.
بڵام هەرزوو یانەکان، یاریزانان و هاندەران دژایەتی ئەو بڕیارەیان کرد، تەنانەت یاریزانان وەک ناڕەزایەتی 15 چرکە پێش دەستپێکی هەر یارییەکی لالیگا بەبێ دەنگی دەوەستان.
یانەی ریال مەدریدیش پشکی شێری لە دژایەتیکردنی ئەو بڕیارە هەبوو، بە هەموو شێوەیەک دژی بڕیارەکەی خاڤیێر تێباس وەستایەوە و رازی نەبوو بەوەی یارییەکانی لالیگا لە وڵاتێکی دیکە بەڕێوەبچن.
دواجار لالیگا بەهۆی فشارە زۆرەکان بەشێوەیەکی فەرمی لە بڕیارکەی پاشگەزبووەوە و بڕیاریدا یارییەکەی ڤیاڕیال و بارسێلۆنا هەر لە ئیسپانیا و لە یاریگای ڤیاڕیال بەڕێوەبچێت.
هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ئاتلێتیک، ئەگەری هەیە دۆرتموند سزا بدرێت ئەگەر سەرپەرشتیارانی یارییەکە لە راپۆرتی یارییەکە ئاماژەیان بەوە کردبێت ئەو بانەرانە هێرشکردنە سەر لایەنی بەرامبەر بووبێت.
یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا لە 6ـی ئۆکتۆبەری 2025 بڕیارێکی گرنگیدا و بەفەرمی رەزامەندی دەربڕی یارییەکانی لالیگا و سێریا ئەی لە دەرەوەی وڵاتی خۆیان بەڕێوەبچن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی یوێفا ئاماژەی بەوەش کردووە حەز ناکەن یاریی خولەکان لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەبچن.
سێریا ئەی پلانی داڕشتووە یاریی نێوان میلان و کۆمۆ لە مانگی دووی 2026 لە ئوستڕالیا بەڕێوەبچێت. بەڵام لالیگا بەهۆی ناڕەزایەتییەکان بەشێوەیەکی کاتی بڕیارەکەی راگرتووە و یارییەکانی لالیگا هەر لە ئیسپانیا بەڕێوەدەچن.
هەڵوەشاندنەوەی یاریی ڤیاڕیال و بارسێلۆنا لە مەیامی گورزێکی کوشندەی لە لاپۆرتا داوە
هاندەرانی دۆرتموند بەردەوام دژی ئەو بڕیارانەن کە بڕوایان وایە دەبنە هۆکاری تێکدانی تۆپی پێ و پێشتریش چەند جارێک بەشێوازی جیاواز ناڕەزاییان دەربڕیووە.
هاندەرانی دۆرتموند لە نۆڤێمبەری 2023 دژی گۆڕانکاری لە سیستەمی بەڕێوەچوونی چامپیۆنزلیگ لە یاریی بەرامبەر نیوکاسڵ پارەی ساختەیان فڕێدایە ناو یاریگا و چەندین درووشمی تووندیان لەدژی یوێفا گووتەوە.
هەروەها لە ئۆکتۆبەری 2022 لە یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی دژی بەڕێوەچوونی مۆندیال لە قەتەر بانەرێکیان بەرزکردبووەوە لەسەری نووسرابوو “بایکۆتی مۆندیالی قەتەر بکەن”. لە چەند بۆنەیەکی جیاوازی دیکەش تیفۆی “ئوێفا مافیا”ـیان بەرزکردووەتەوە.




