دوایین پەرەسەندنی نێو ماڵی ریال مەدرید؛ لە 72 کاتژمێری رابردوودا چی روویداوە؟
هەموو شتێک لە تۆڕی وەرزشی یاریگا بزانە

یاریگا و ئاتلێتیک –
تۆڕی ئاتلێتیک لە راپۆرتی هەفتانەی خۆیدا لەبارەی دۆخی ریال مەدرید، کۆمەڵێک نهێنی و زانیاری نوێ ئاشکرا دەکات. تۆڕی وەرزشی یاریگا بە راپۆرتێکی تێروتەسەل و بە هاوکاری تۆڕی ئاتلێتیک، دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی ناوخۆیی ریال مەدرید دەخاتەڕوو.
ئێستا لە ریال مەدرید چ باسە؟
ریال مەدرید چەند رۆژێکی زۆر ناجێگیر و پڕ لە کاروباری بەڕێکردووە.
یەکشەممە، ریال مەدرید کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی بە ئامادەبوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە کرد. پێرێز بابەتێکی گەورەی ئاشکرا کرد و روونیکردەوە؛ پلانی گۆڕینی مۆدێڵی خاوەندارێتی یانەکەیان داڕێشتووە و بە ئەگەرێکی زۆر وەبەرهێنەرێکی بیانی چەند پشکێکی یانەکە دەکڕێت.
شەوی یەکشەممە، ریال مەدرید 2-2 بە ئێڵچێ یەکسانبوو، ئەم ئەنجامە جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ تەنیا یەک خاڵ کەمکردەوە، ئەمەش دۆخێکی نوێ و پڕ هەستی لە یانەکە دروستکردووە، چونکە سێ یارییە ریال مەدرید سەرناکەوێت.
دووشەممە، ماریۆ کۆرتێگانا، رۆژنامەنووسی دیاری تۆڕی ئاتلێتیک ئاشکرایکرد، ڤینیسیۆس جونیۆر بە بەرپرسانی باڵای یانەکەی راگەیاندووە، نایەوێت لە یانەکە بەردەوام بێت، چونکە دۆخەکەی بەدڵ نییە.
لە کوێ دەستپێبکەین؟
ئێڵچێ وەرزی رابردوو لە خولی پلەدووی ئیسپانیا بۆ لالیگا سەرکەوت و ئێستا خاوەن تیمێکی تۆکمەیە. ئێڵچێ لەو یارییەدا دووجار پێش ریال مەدرید کەوت.
هەریەکە لە ئەکێس فێباس و ئالڤارۆ رۆدریگێز، یاریزانانی ئێڵچێ، بەرهەمی ئەکادیمیای ریال مەدریدن، بەڵام لەو شەوەدا ریال مەدریدییان زۆر ئازاردا.
ئەندامێکی ستافی راهێنەرایەتی ریال مەدرید بە تۆڕی ئاتلێتیکی راگەیاندووە، دۆخەکە ناسەقامگیرە؛
دەتوانیت زۆر بە سادەیی هەست بە رەشبینی بکەیت.
لە دەستپێکی وەرز، خۆشییەکی زۆر لە نێو یانەکە بەدی دەکرا، بەڵام ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە، چونکە چاوەڕوانییەکانی ریال مەدرید بەردەوام زۆر بەرزن.

سەرچاوەیەکی دیکەی نێو یانەکە دووپاتیدەکاتەوە، دۆخی ژووری جلگۆڕین پڕ لە ناکۆکییە؛
ژووری جلگۆڕین کارەساتە، بەڕاستی ناکۆکییەکی زۆری تێدایە.
دوای تەواوبوونی یارییەکەی ئێڵچێ، بەشێک لە یاریزان گەورەکانی یانەکە، کاردانەوەی زۆر تووند و تووڕەییان لە ئەنجامی یارییەکە پیشاندا.
دۆخی ئێستای ئاڵۆنسۆ جێی سەرنجە، چونکە لە ئەنجامەکانی رابردوو زۆر نیگەرانە. لە دوا پرێس کۆنفڕانسی رۆژنامەوانیدا جەختیکردەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەستێرەکانی یانەکە بەرەو پاشتربوونە.
چی لەبارەی ڤینیسیۆس دەزانین؟
یارییەکەی ئێڵچێ، چوارەم یاریی ئەم وەرزەبوو کە ڤینیسیۆس لە پێکهاتەی سەرەکیدا نەبێت. لەم وەرزەدا ڤینی تەنیا پێنج یاریی لە کۆی 17 بە تەواوی کردووە، واتە بەشداری تەواوی خوولەکەکانی یارییەکەی کردووە.
جیا لە کەمبوونەوەی رێژەی بەشدارییەکانی، ئاڵۆنسۆ بە پلانی جیاواز ڤینی بەکارهێناوە و بەگوێرەی سەرچاوەکانی نێو یانەکە، ڤینیسیۆس زۆر لە دۆخەکە نیگەرانە.
ڤینیسیۆس لە خوولەکی 57ی گێمی دووەمدا، بەشداری یارییەکەی ئێڵچێ کرد و هیچ ئاماژەیەک بۆ نیگەرانی یاریزانەکە نەبوو، پێچەوانەی یارییەکەی ئێل کلاسیکۆ کە زۆر بەڕوونی هاواری بەڕووی ئاڵۆنسۆدا کرد.

دەمێکە ڤینیسیۆس گفتوگۆی نوێکردنەوەی لەگەڵ ریال مەدرید دەستپێکردووە، بەڵام ڤینی راستەوخۆ بە پێرێزی راگەیاندووە، گفتوگۆکان دەوەستێنێت و نایەوێت لە ریال مەدرید بەم دۆخە بەردەوام بێت.
ئێستا چارەنووسی ڤینی بووەتە بابەتی گەرمی نێو ریال مەدرید و تاوەکو ئێستا ئاڵۆنسۆ هیچ لێدوانێکی لەبارەی دەنگۆکان نەداوە.



