
یاریگا –
ئیدریسا گێی، یاریزانی ئێڤەرتن دوای یارییەکەی مانچێستەر یونایتد، داوای لێبووردنی لە هاوتیمەکانی کرد، دوای رووداوە سەیرەکەی ئۆڵدترافۆرد.
گێی بەهۆی هێرشکردنە سەر مایکڵ کین، هاوتیمی خۆی و لێدانی زللەیەک، بە کارتی سووری ناوبژیوان لە 15 خوولەکی دەستپێکی یارییەکە کرایە دەرەوە، بەڵام سەرباری ئەمەش، ئێڤەرتن یارییەکەی 0-1 بردەوە.
دەیڤد مۆیس، راهێنەری ئێڤەرتن لە دوای یارییەکە روونیکردەوە؛
یارییەکی گرنگمان بردەوە، بۆ ماوەی 80 خوولەک لە دۆخی بەرگری یاریمان کرد، ئاستێکی زۆر باشمان لە گێمی یەکەم پێشکەشکرد، بۆیە ئەم بردنەوەیە پێویستی بە ماندووبوونێکی زۆربوو.
لەبارەی دەرکردنی گێی بە کارتی سوور، مۆیس دەڵێت؛
لە کارتە سوورەکە تێنەگەیشتم، پێموایە کەس پێشبینی کارتی سووری نەدەکرد، دواتر ئانتۆنی تایلەر (ناوبژیوانی چوارەم) پێی گوتم، ئەگەر دەستت زۆر بەرزبکەیتەوە، لەوانەیە بە کارتی سوور دەربکرێیت.
پێموایە هیچ کەسێک بیری لە رووداوێکی لەمشێوەیە کردبێتەوە، زۆر بە یاریزانانی خۆم سەرسامم کاتێک پێکەوە شەڕ دەکەن، چونکە ئەمە گرنگی و پەرۆشییان دەردەخات.
ئیدریسا بەهۆی کارتە سوورەکە داوای لێبووردنی کرد و زۆر بە ئەنجامەکە دڵخۆش بوو.



