Loading...
ئیسپانیاگرنگترین

بۆمبێک لە ئیسپانیا؛ بەهۆی بارسێلۆنا سەرۆکی لالیگا دەردەکرێت

خاڤیێر تێباس، سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگا لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە

Yariga App

یاریگا –

بەهۆی ئاشکراکردنی چەند نهێنییەک لەبارەی بارسێلۆنا، ئەگەری هەیە خاڤیێر تێباس، سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگا لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.

رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بەفەرمی دادگای کارگێڕی وەرزشی ئیسپانیا دۆسیەیەکی لەدژی خاڤیێر تێباس، سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگا کردووە، تێباس تۆمەتبارە بەوەی بەبێ مۆڵەتی فەرمی زانیاری لەبارەی دۆخی دارایی بارسێلۆنا ئاشکراکردووە، تەنانەت بووەتە هۆی ئەوەی نیکۆ ویڵیامس پەیوەندی بە بارسێلۆنا نەکات.

رۆژنامەی سپۆرت لە 8ـی تەمموزی 2025 ئاشکرایکرد، خاڤیێر تێباس لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆن ئوریاتی سەرۆکی ئاتلێتیک بیلباو زانیاری و ئاماری وردی لەبارەی دۆخی دارایی بارسێلۆنا بەو یانە باسکییە داوە و ئەوانیش ئامار و زانیارییەکانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی نیکۆ ویڵیامس تێبگەیەنن بارسێلۆنا ناتوانێت بەهۆی یاسای دارایی خاوێنەوە ناوی تۆمار بکات، ئەم زانیارییە دزەپێکراوانەش بوونە هۆی ئەوەی ویڵیامس تاوەکو 2035 گرێبەستەکەی لەگەڵ بیلباو نوێبکاتەوە.

تێباس بە سەرۆکی بیلباوی گوتووە بارسێلۆنا هێشتا نەگەڕاوەتەوە هاوکێشەی 1:1 بۆیە ناتوانێت ناوی نیکۆ ویڵیامس تۆمار بکات، ئەویش زانیارییەکانی هێندەی دیکە گەورە کردووە و زیاتر بەلاڕێیدا بردوون و پێشکەشی نیکۆی کردووە، بۆ ئەوەی پەشیمان بێتەوە و نەچێتە بارسێلۆنا.

سەرەتای ململانێیەکە بۆ 2ـی نیسانی 2025 دەگەڕێتەوە کاتێک لالیگا بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد بارسێلۆنە نەیتوانیووە لەکاتی خۆیدا لە رێگەی داهاتی کۆرسییە ڤی ئای پییەکانی لالیگا 100 ملیۆن یۆرۆ کۆبکاتەوە، بۆیە ناتوانن گرێبەستی گەورە واژۆ بکەن، بەڵام بارسێلۆنا هەرزوو سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەی لالیگای کرد.

یانە کاتالوونیەکە لالیگای تۆمەتبارکرد بەوەی بەبێ مۆڵەت زانیاری وردی دارایی یانەکەیان ئاشکراکردووە، بەو هۆیە ناکۆکی لەنێوان تێباس و بارسێلۆنا دروستبوو، چەند رۆژێک دواتر لالیگا بەیاننامەکەی سڕییەوە.

ئەوکات میگێل ئانخێل گالان، سەرۆکی کۆمەڵەی شەفافیەت و دیموکراسی لە وەرزشدا داوای لە خوان لاپۆرتا کرد سکاڵا لەسەر تێباس تۆمار بکات بەڵام بارسێلۆنا سکاڵای تۆمار نەکرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی سپۆرت ئانخێل گالان خۆی دۆسیەکەی جوڵاندووە و سکاڵای لەسەر تێباس تۆمارکردووە.

گالان سەرەتا سکاڵاکەی پێشکەشی ئەنجوومەنی نیشتمانی وەرزشی ئیسپانیا کردووە، دواتر بەرزکراوەتەوە بۆ دادگای کارگێڕی وەرزشی ئیسپانیا.

ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی تێباس کراون بریتین لە ئاشکراکردنی زانیاری ورد بۆ ئاتلێتیک بلباو و رێگری لە پەیوەندیکردنی نیکۆ ویڵیامس بە بارسێلۆنا، هەروەها ئاشکراکردنی زانیاری لەبارەی داهاتی کورسییە VIPـیەکانی بارسێلۆنا، ئاشکراکردنی تەواوی سامانی بارسێلۆنا و دزە پێکردنی سەرجەم زانیارییە داراییە تایبەتەکانی یانە کاتالوونیەکە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، 18 ئەندامی بارسێلۆنا بەشداریی سکاڵاکەیان کردووە، خاڤیێر تێباس تۆمەتەکانی بەسەردا ساخببنەوە لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە. چونکە ئەم کارەی بە سەرپێچی یاسایی هەژمار دەکرێت.

نهێنییەکی گەورە ئاشکرابوو؛ تێباس رێگری لە چوونی نیکۆ ویڵیامس بۆ بارسێلۆنا کردووە

 

بابەتی زیاتر

Back to top button