
یاریگا –
پۆلیسی ئیسپانیا کەسێکی بە تۆمەتی دزیکردن لە شاندی هەڵبژاردەی تورکیا دەستبەسەرکرد.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی یاریی نێوان ئیسپانیا و تورکیا لە یاریگای لا کارتوخا لە سێڤییا، کەسێک کاتژمێرێکی دەست کە بەهاکەی دەگاتە 200 هەزار یۆرۆ و دوو گوستیلە بە بەهای 120 هەزار یۆرۆ لە شاندی تورکیا دزران.
کەلوپەلەکان لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانان ونبوون، لەو یارییەی 2-2 تەواوبوو. هەرزوو ستافی ئاسایشی یاریگا لە ونبوونی کەلوپەلەکان ئاگادارکرانەوە.
لێکۆڵینەوەی چڕ لەگەڵ کەسە دەستبەسەرەکە دەستیپێکرد و دوای چەند کاتژمێرێک، شوێنی کاتژمێر و دوو گوستیلەکەی ئاشکراکرد.
رۆژنامەکە جەختیکردووەتەوە، تاوەکو ئێستا ناسنامەی دەستبەسەرەکان روون نییە و سیناریۆی دزینی کەلوپەلەکان لەلایەن کارمەندانی یاریگاکە بەدوور نازانێت.


