
یاریگا –
بێنیامین شێشکۆ، ئەستێرەی مانچێستەر یونایتد لە یارییەکەی بەرامبەر تۆتنهام تووشی پێکانبوو و دڵەڕاوکێی لای هاندەران دروستکردووە.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، پێکانەکەی شێشکۆ مەترسیدارنییە و پێناچێت بۆ ماوەیەکی درێژ لە یاریگاکان داببڕێت.
بەگوێرەی دوایین پەرەسەندن بێت، هێرشبەرە سلۆڤێنییەکە چوار یاریی لە مانچێستەر یونایتد دادەبڕێت.
شێشکۆ بەشداری یارییەکانی ئێڤەرتن، کریستال پاڵاس، وێستهام یونایتد و وۆڵڤز ناکات و پێشبینیدەکرێت بۆ یارییەکەی بەرامبەر بۆرنمس لە 15ی دیسێمبەر/کانوونی یەکەمی داهاتوو ئامادەبێت.
ئەستێرەی نوێی شەیتانە سوورەکان تەنیا دوو گۆڵی لە پرێمەرلیگ کردووە. شێشکۆ تۆڕی گۆڵەکانی برێنتفۆرد و سەندرلاندی هەژاندووە، هەروەها خاوەنی پاسێکی یکەلاییکەرەوەیە بەرامبەر برایتن.
سکای سپۆرتس تەواوی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لە هەوڵەکانی مان یونایتد بۆ گەڕاندنەوەی راسموس هۆیلوند دەدەن، کە ئێستا بە خواستن یاریی بۆ ناپۆلی دەکات.



