
یاریگا –
یاری دۆستانەی نێوان هەڵبژاردەکانی ئەنگۆلا و ئەرجەنتین کە دوێنێ لە شاری لواندا بە بۆنەی 50 ساڵەی سەربەخۆیی ئەنگۆلا بەڕێوەچوو، لە دەرەوەی یاریگا چەند هاندەرێک بریندار بوون کە کەش و هەوای یارییەکەی بۆ بۆنەیەکی ناخۆش گۆڕی.
بەگوێرەی راپۆرتی فەرمی دەزگای فریاکەوتنی پزیشکی ئەنگۆلا، هەوڵی ژمارەیەکی زۆر لە هەوادارانی بۆ چوونە ژوورەوەی نایاسایی و شکاندنی دەرگاکانی چوونە ژوورەوە، جەنجاڵییەکی زۆری درووست کرد و برینداربوونی دەیان کەسی لێکەوتەوە. بەگشتی 70 کەس پێویستیان بە چاودێریی خێرا هەبووە، 23 کەسیان دوای ئەوەی بن دەست و پێ کەوتن بەشێکی دیکەش کەوتنە ناو شەپۆلی قەرەباڵغییەوە بریندار بوون.
جەنجاڵی سەیرکردنی لیۆنێل مێسی و ئەستێرە ئەرجەنتینیەکان وایکردبوو هەزاران کەس بڕۆنە ناو یاریگا و ژمارەیان توانای لەخۆگرتنی هاندەرانی تێپەڕاندبوو.
هەرچەندە توانای فەرمی یاریگاکە 50 هەزار هاندەرە، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەنگۆلا تەنیا 48 هەزار بلیتی بۆ ئەم بەردەست خستبوو، بەڵام ژمارەی زۆری هاندەران لە دەرەوە فشاری خستە سەر دەروازەکانی چوونە ژوورەوە و کۆنترۆڵکردنی هاندەرانی لە هەندێک دەرگادا قورس کرد. جگە لەو بریندارانەی کە بەهۆی قەرەباڵغییەوە بن دەست و پێ کەوتبوون، 47 کەسی دیکە بەهۆی گەرما و فشاری بەرز و نیشانەکانی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن پێویستیان بە چاودێری پزیشکی هەبووە.
جیا لەمانە شەڕ و پێکدادانی گەورەی نێوان پۆلیس و کۆمەڵێک هاندەر گرژییەکانی زیاتر کرد. ئەفسەرانی ئاسایشی یاریگا رێگرییان لە چوونە ژوورەوەی هەندێک کەس کرد بەهۆی نەبوونی بلیت یان هەڵگرتنی کەلوپەلی رێگە پێنەدراو بڕیارێک کە کاردانەوەی هەندێکی لێکەوتەوە و بووە هۆی رووبەڕووبوونەوەی زارەکی و جەستەیی. سەرەڕای ئەوەی چەندین دەروازەی چوونە ژوورەوە بە هۆکاری ئەمنی داخران، بەڵام دەسەڵاتداران رایانگەیاندووە، هیچ کەسێک دەستگیر نەکراوە.



