Loading...
عێراقگرنگترین

زەنگی مەترسی لێدرا؛ قەیرانێکی قوڵی دارایی لە یانەی هەولێر سەرهەڵدەدات

هەڕەشەی بایکۆت دەکرێت

Yariga App

یاریگا –

لە کاتێکدا یانەی هەولێر بە ئەنجامە ئەرێنییەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا هاندەرانی دڵخۆش کردووە و هیواکانی بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی زێڕین زیندوو کردووەتەوە، لە پشت پەردەوە، قەیرانێکی دارایی بێدەنگ و ترسناک، وەک مۆتەکەیەک، جارێکی تر بەسەر ئاسمانی یانەکەدا دەسوڕێتەوە.

بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی تۆڕی وه‌رزشی یاریگا، ئەم قەیرانە گەیشتووەتە ئاستێک کە هەڕەشە لە پەیکەری کارگێڕی و یانەکە دەکات، كارمه‌ندانی یانه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆت ده‌كه‌ن.

یاریگا زانیاری ورد و پشتراستكراوی ده‌ستكه‌وتووه‌،  کە 26 کارمەندی سەرەکیی یانەکە، کە بڕبڕەی پشتی بەڕێوەبردنی کارەکانی رۆژانەن، ماوەی پێنج مانگە هیچ مووچەیەکیان وەرنەگرتووە. ئەم کارمەندانە کە لە هەموو بەشە جیاوازەکانی یانەکەدا کاردەکەن، گەیشتوونەتە لێواری تەقینەوە و هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئەمڕۆ مووچەکانیان پێنەدرێت، بایکۆتی دەوام دەکەن و ناگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

ئەم هەنگاوە، ئەگەر جێبەجێ بکرێت، دەبێتە هۆی شەلەلێکی کارگێڕی لە یانەکەدا و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئامادەکارییەکانی تیمەکان و بەڕێوەچوونی کاروباری رۆژانە دەبێت.

بەپێی زانیارییەکان، تەواوی گرنگی و بودجەی یانەکە تەنیا بۆ تیمی یەکەمی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق تەرخانکراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ کام لە تیمەکانی تری یانەکە لە ئاستی تەمەنی جیاوازدا نە مووچە و نە شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە.

ئەوەی ئەم كێشه‌یه‌ی  ئاڵۆزتر كردووه‌، یانەکە پارەی نییە بۆ پێدانی مووچەی کارمەندەکان و شایستە داراییەکانی تیمەکانی خوارەوە، به‌ڵام  سەفین یاسین، سەرۆکی یانەکە، تاوه‌كو ئێستا بڕی 80.000 هەزار دۆلاری ئەمریکی (هەشت دەفتەر) وەک پاداشتی بردنه‌وه‌كان بەسەر یاریزانانی تیمی یەکەمدا دابەشکردووە.

ئەم هەنگاوە، هەرچەندە بۆ بەرزکردنەوەی ورەی یاریزانانی تیمی یەکەم بووبێت، بەڵام پرسیاری لای كارمه‌ندانی یانه‌كه‌ دروستكردووه‌ لەسەر دادپەروەری و ئەولەوییەتی خەرجییەکان.

كارمه‌ندانی یانه‌كه‌ دوای چه‌ندین ئاگاداركردنه‌وه‌ و داواكردنی شایسته‌ داراییه‌كانیان پێویستە كارگێری یانەی هەولێر بە خێرایی چارەسەر بۆ ئەم کێشەیە بدۆزێتەوە پێش ئەوەی ئەم كێشه‌یه‌ بێدەنگە بتەقێتەوە و زیانی گەورەتر بە قەڵای زەرد بگەیەنێت.

 

بابەتی زیاتر

Back to top button