
یاریگا –
ئینتەرمیلان، بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری، هەوڵی گواستنەوەی ئوستێرەیەکی کڵەب بروج دەدات.
ئینتەر میلان و رۆما کە هەردوو بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ لە پێشەنگی خولی ئیتاڵیادان و تیپەکەی کریستیان چیڤۆ لە سەرجەم یارییەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگدا 100% ریکۆردی بردنەوەی هەیە. هێڵی بەرگری ئینتەرمیلان لەم ساڵانەی دواییدا هەمیشە خاڵێکی بەهێز بووە بۆ تیپەکە، بەڵام چیڤۆ ئامادەکاری بۆ گەنج کردنەوەی تیپەکە دەکات، پێشبینی دەکرێت ئاچێربی و دی ڤرێی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کاتێک گرێبەستەکانیان کۆتایی پێبێت، یانەکە جێبهێڵن.
ئەگەری رۆیشتنی یاریزانێکی دیکەش لە گواستنەوەی زستانەدا هەیە. ئەویش تۆماس پاڵاسیۆسی یاریزانی لاوی ئەرجەنتینییە چونکە لەم وەرزەدا یەک خولەکی یاری نەکردووە و بەو دۆخەی تێیدایە رازی نیە و لە لێواری رۆیشتنە بە خواستن تاوەکوو کاتی یاریکردنی زیاتری هەبێت، ئەمەش وایکردووە ئیدارەی ئینتەرمیلان بە جدی بیر لە گواستنەوەی یاریزانێک بکاتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.
رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی لە دوایین بڵاوکراوەی خۆیدا نووسیویەتی، ئامانجی سەرەکی ئینتەرمیلان بۆ هێڵی بەرگری جۆیڵ ئۆردۆنێزی تەمەن 21 ساڵانی ئیکوادۆرییە، کە دەتوانێت وەک بەرگریکاری راستیش یاری بکات. لە ساڵی 2023ەوە بە ملیۆنێک و نیو یۆرۆ پەیوەندی بە کڵەب بروج کردووە و بەهاکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا بە خێرایی بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە 28 ملیۆن یۆرۆ، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی یانە بەلجیکییەکە مێژوویەکی هەیە لە بەرهەمهێنانی ئەستێرەکان و فرۆشتنیان بە بەرزترین نرخ. ئۆردۆنێز لەم دواییانەدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی تا مانگی حوزەیرانی 2029 درێژکردەوە.



