Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

پەیامێکی تووند بۆ ئاڵۆنسۆ؛ ریال مەدرید چیدیکە درەوشاوە نییە و دوو هەفتە مۆڵەتت هەیە

رۆژنامەی مارکا هێرشێکی گەورە دەکاتە سەر دۆن ئاڵۆنسۆ

Yariga App

یاریگا –

یەکسانبوونی ریال مەدرید و رایۆ ڤاییکانۆ، پرسیاری گەورەی لای میدیای مەدریدی لەسەر شێوازی یارییکردنی ریال مەدرید دروستکردووە.

رۆژنامەی مارکا رەخنەی تووند لە شێوازی یارییکردنی چابی ئاڵۆنسۆ دەگرێت و بە مانشێتی گەورە نووسیویەتی؛ ریال مەدرید درەوشانەوەی جارانی نەماوە.

ریال مەدرید دوو یارییە گۆڵ ناکات و کاتێک یانەیەک لە گۆڵ کردن شکستدەهێنێت، ئەوا بێدەنگییەکی گەورە لەنێو سووچەکانی یانەکە دروستدەبێت.

یەکەمجارە ریال مەدرید لە لالیگای ئەم وەرزە گۆڵ ناکات، هەرچەندە لە چامپیۆنزلیگیش بەرامبەر لیڤەرپوول گۆڵی نەکرد، ئەمەش خەریکە وردە وردە خاڵە لاوازەکانی ئاڵۆنسۆ دەردەخات.

ئاڵۆنسۆ لەدوای یارییەکە روونیکردەوە؛

ئەستەمە شێوازی یارییکردنی خۆت لە یارییەکاندا بچەسپێنیت. پێموانییە ئەم بابەتە پەیوەندی بەلایەنی دەروونییەوە هەبێت.

ئاستێکی ناجێگیر و بێ کاریگەری

ریال مەدرید لەڕووی بەرگری و هێرشبەرییەوە چالاک دەرناکەوێت. رۆژنامەی مارکا روونیکردووەتەوە، هەستێک لەنێو یانەکەدا دروستبووە، ئەویش ونبوون و دیارنەمانی ئەڵقەیەکی گرنگە لە ئاستی یانەکە.

یەکسانبوونی مەدرید بەرامبەر ڤاییکانۆ دووپاتیدەکاتەوە، ریال مەدرید لە دۆخێکی ناجێگیر و بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت. ناکرێ گۆڵ نەکردن بە نەبوونی بەخت ببەسترێتەوە. بەشێوەیەکی گشتی تیمەکە خراپ یاریی ناکات، بەڵام لە هەمان کاتیشدا باش یاریی ناکات.

ریال مەدرید کۆنتڕۆڵی زیاتری تۆپ دەکات، بەڵام هیچ شتێکی جیاواز پێشکەش ناکات و هەر کاتێک کیلیان ئێمباپێ لە ئاستی خۆیدا نەبێت، ریال مەدریدیش کێشەی بۆ دروستدەبێت.

پشتبەستنێکی زیاد لە پێویست بە ئێمباپێ

لە نێوان یارییەکەی لیڤەرپوول و ڤاییکانۆ، ئاستی ریال مەدرید ماندووبوونێکی زۆری پێوە دیاربوو، هەرچەندە مەدرید هەفتەیەکی قورسی بەڕێکرد.

تیبو کۆرتوا لە یارییەکەی ئانفیڵد، ریال مەدرید لە ژمارەیەکی زۆر گۆڵ رزگارکرد، بەڵام لە یاریی شەوی رابردوو، مەدرید نەیتوانی هیچ هەوڵێکی گەورەی گۆڵکردن بدات.

ئێمباپێ بەردەوام وەکو رزگارکەر سەیر دەکرێت، کیلیان وەکو ئاوێنەی بردنەوەکان سەیر دەکرێت، بەڵام لە یاریی شەوی رابردوو بەرامبەر ڤاییکانۆ لە ماوەی 90 خوولەکدا تەنیا 27 جار قاچی بەر تۆپ کەوت.

زنجیرەی گۆڵەکانی ئێمباپێ (13 گۆڵ لە 12 یاریی) وەستا و ڤاییکانۆ زۆر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ مەترسییەکانی ئێمباپێ کرد و کاریگەری هێرشبەرانی مەدریدی بۆ کەمترین ئاست دابەزاند. هەرچەندە ئێمباپێ لە 52.9%ی گۆڵەکانی ئەم وەرزەی ریال مەدریدی کردووە (18 گۆڵ لە کۆی 34 گۆڵ).

ئەم ژمارەیە پشتبەستنی لەڕادەبەدەری ریال مەدرید بە تواناکانی ئێمباپێ دەبەستێت و هەرکاتێک ئەستێرە فەڕەنسییەکە ونبێت، ریال مەدریدیش لەگەڵ خۆی وندەکات.

کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە باشترین ئاستی خۆیدا کاتێک 61 گۆڵی بۆ مەدرید کرد، لە کۆی گشتیدا تەنیا لە 38.6%ی کۆی گۆڵەکانی ریال مەدریدی کردبوو. ئەگەر بە لیۆنێل مێسیشی بەراورد بکەین، مێسی لە باشترین وەرزی خۆیدا تەنیا لە 29.4%ی گۆڵەکانی بارسای کرد.

ژمارەی شێواو و کێشەی بەکۆمەڵی یاریزانان

کێشەکانی ریال مەدرید تەنیا کێشەی ئاستی تاکەکەسی یاریزانان نین، بەڵکو لەسەر ئاستی بەکۆمەڵیش، ریال مەدرید کۆمەڵێک کێشەی زەقی هەیە.

ریال مەدرید لە دوا پێنج یاریی لالیگادا، زیاتر لە 20 شووتی کردووە، ئەمەش خراپترین ژمارەیە و دواجار لە سەردەمی مانوێل پێلێگرینی لە ساڵی 2010 تۆمارکرابوو.

لە یاریی شەوی رابردوو بەرامبەر ڤاییکانۆ، ریال مەدرید تەنیا پێنج شووتی ئاڕاستەی نێو چوارچێوەی گۆڵی ڤاییکانۆ کرد، بەڵام لە ئەنجامدا، کۆنتڕۆڵی تۆپ بێسوود بوو، هێرشەکان پێشبینیکراو بوون لەلایەن بەرگریکارانی ڤاییکانۆ و ئاڵۆنسۆ بەتەواوی بۆ بڕینی هێڵی بەرگری ڤاییکانۆ پشتی بە ڤینیسیۆس جونیۆر بەستبوو، بەڵام بەبێ بوونی سیستمێکی بەکۆمەڵ، ریال مەدرید نەیتوانی مەترسی دروستبکات.

کارێکی قورس چاوەڕێی ئاڵۆنسۆیە

هەرچەندە دوای یارییەکەی کلاسیکۆ، پێشبینییەکان بەوجۆرە بوون کە ئاڵۆنسۆ جڵەوی تیمەکەی لەدەستدایە، بەڵام ئێستا گەڕاوەتەوە خاڵی دەستپێک.

ئەرکی ئاڵۆنسۆ لە پشووی نێودەوڵەتی، بیرکردنەوە و هەناسەکێشانی قووڵی پێویستە، لە هەمان کاتدا تاقیکردنەوەیەکی جیدییە بۆ دۆن ئاڵۆنسۆ، تاوەکو جارێکی دیکە هێڵی پێشەوەی تیمەکەی چالاک بکاتەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button