
یاریگا –
دوای سەرکەوتنیان بەرامبەر ئیستقلولی تاجکستانی، زەوڕا گەڕایەوە کێبڕکێ کردن و قوقیەش هۆکاری جێبەجێ نەکردنی لێدانە سزاکە ئاشکرا دەکات.
لە گەڕی سێیەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیای دوو، زەوڕا لە یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گرینگی تۆمار کرد و 2 _ 1 لە ئیستقلولی تاجکستانی بردەوە، بەم سەرکەوتنە جارێکی تر زەوڕا گەڕایەوە کێبڕکێی سەرکەوتن بۆ قۆناخی دووەم.
حەسەن عەبدولکەریم ناسراو بە قوقیە، دوای یارییەکە دەربارەی سەرکەوتنیان و جێبەجێ نەکردنی لێدانی سزا گووتی:
سوپاس بۆ سەرجەم یاریزانەکان کە لەم یارییە جەنگان لە پێناو بەدەستهێنانی سێ خاڵەکە، بە تەنیا من باش نەبووم هەمووان لە پێناو زەوڕا ئەمڕۆ ئەستێرەبوون، سێ خاڵی ئەم یارییە واتا بەردەوامیدان بەرەو ئامانجەکانمان، سوپاس بۆ هاندەران کە هۆکاری سەرەکی بوون لەم سەرکەوتنە، لیدانە سزاکەم بە ئیبراهیم تۆمیوا دا چونکە دەمانەوێت ئەو هێرشبەرە هەمیشە لە لووتکە بێت و بەردەوام بێت لە گۆڵ تۆمار کردن، ئەمەش بە سوود بۆ تیپەکەمان دەشکێتەوە.
بەم سەرکەوتنە زەوڕا لە کۆمەڵەی چوارەم بە شەش خاڵ هاته ریزبەندی دووەم، لە 26ـی ئەم مانگەش لە یاریگای خۆی میونداری گۆوای هیندی دەکات، ئیستقلولیش بە شەش خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لە ریزبەندی سێیەم دایە.
نەسڕی سعودی لە یاریگای خۆی 4 _ 0 له گۆوای هیندی بردەوە و بە نۆ خاڵ لە ریزبەندی یەکەم دێ، گۆوا بەبێ خاڵ لە ریزبەندی چوارەم و کۆتایی دێت



