دی رۆسی دەبێتە راهێنەری یانەیەکی ئیتاڵیا

دانیێل دی رۆسی نزیک بووەتەوە لە وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی جەنەوای وڵاتەکەی.
بەگوێرەی فوتبۆڵ ئیتاڵیا، رێککەوتنی کۆتایی کراوە و تەنها راگەیاندنی ماوە. دی رۆسی تاوەکو کۆتایی وەرز دەبێت بە راهێنەر لەگەڵ بژاردەی تازەکردنەوەی بۆ وەرزێکی دیکە ئەگەر بتوانێت ئەو یانەیە لە دابەزین رزگار بکات.
جەنەوا بڕیاریدا پاتریک ڤیێرا لە راهێنەرایەتی یانەکە دووربخاتەوە دوای بەدەستهێنانی تەنها یەک بردنەوە و شەش خاڵ لە 10 یاری سەرەتای وەرزدا.
هەرچەندە پاولۆ ڤانۆلی بەربژێری یەکەم بوو بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە بەڵام سەرەنجام یانەکە بڕیاریدا متمانە بە دی رۆسی .ببەخشێت
دی رۆسی لە 2022 لەگەڵ یانەی سپاڵ یەکەم ئەرکی راهێنەرایەتی گرتە ئەستۆ پاشان لە 2024 بووە راهێنەری رۆمای یانەی دێرینی ئەو یاریزانە بەڵام هەر لە هەمان ساڵدا لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە و لەوکاتەوە ئەرکی دیکەی وەرنەگرتووە.



