
یاریگا –
تۆڕی وهرزشی یاریگا بهدواداچوونی وردی بۆ كوژرانی ئهو گهنجه كرد كه له ههولێر لهكاتی یاریی كلاسیكۆ كوژرا.
شەوی ڕابردوو، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی یاریی کلاسیکۆ، هەواڵێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە کە گوایە گەنجێک لە هەولێر بەهۆی کێشەی نێوان هاندەرانی كلاسیكۆ کوژراوە، ئەم دەنگۆیە بە خێرایی بڵاوبووەوە و بووە جێی باسی خەڵک، بەڵام تۆڕی وەرزشی یاریگا، وەک سەرچاوەیەکی میدیایی بەرپرس، بەدواداچوونی وردی بۆ راستی و دروستیی ڕووداوەکە كرد.
لە ئەنجامی بەدواداچوونەکانی تیمى یاریگا دەرکەوت کە چیرۆکەکە زۆر جیاوازە لەوەی باسی لێوە دەکرا، بۆ گەیشتن بە زانیاریی ورد و پشتڕاستکراو، تۆڕی وهرزشی یاریگا پەیوەندیی بە باوکی یوسفی ئهو گهنجهی کوژرا کرد، کە ناوی دەهلەوی عەبدوڵڵایە.
باوکی قوربانییەکە لە لێدوانێکی تایبهت به تۆڕی وهرزشی یاریگا رایگەیاند،
“کوڕەکەم هەرگیز حەزی لە سەیرکردنی یاریی تۆپی پێ نەبووە و هیچ پەیوەندییەکی بەو بابەتەوە نییە”
” لە درێژەی قسەکانیدا، باوکی یوسف هۆکاری ڕاستەقینەی ڕووداوەکەی ئاشکرا کرد و گوتی،
کوڕەکەم لە کۆمپانیایەکی فرۆشتنی مۆبایل کاری دەکرد، ماوەیەک لەمەوبەر، یوسف کەفالەتی هاوڕێیەکی کردبوو کە بۆ چەندین ساڵ دراوسێیان بووە، تاوەکو مۆبایلێک بە قیست بکڕێت، کاتێک کاتی دانەوەی قیستەکە هاتووە، هاوڕێکەی پارەکەی نەداوەتەوە بهڵكو داوای له یوسف كردووه پارهكه بدات، ئهویش پێی وگووتوە کە پارەکەی پێ نییە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی تۆمەتبارەکە سەرەتا فیشەکێک و دواتر دوو فیشەکی دیکەی لێ بدات و دەستبەجێ بیکوژێت.
باوکی بە خەمێکی قووڵەوە باسی لە کەسایەتیی کوڕەکەی کرد و گوتی،
“کوڕەکەم کەسێکی زۆر نەرم و لەسەرخۆ و دوورە کێشە بوو، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەسدا نەبوو.”
زانیارییەکانی یاریگا ئەوەشیان خستەڕوو کە ڕووداوی کوشتنەکە کاتژمێر 07:08 خولەکی ئێوارە لە بازاڕی هەولێر ڕوویداوە، واتە لە کاتێکدا کە یاریی کلاسیکۆ هێشتا کۆتایی نەهاتبوو، ئەمەش وەک بەڵگەیەکی دیکە، دەیسەلمێنێت کە ڕووداوەکە هیچ پەیوەندییەکی بەو یارییەوە نەبووە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ یاریگا، باوکی یوسف داوای کرد کە مافیان لە ڕێگەی یاساوە بۆ وەربگیرێتەوە.



