
یاریگا – نەورۆز لە یاریگای خۆی تووشی شکست هات و راهێنەری تیپەکەش کاتی وازهێنانی لە یانەکە ئاشکرا دەکات.
له گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز یەکەم یاریی ئەم وەرزەی لە یاریگای خۆی کرد و بەرامبەر دهۆک 2 _ 0 شکستی هێنا، سوورپۆشەکانی سلێمانی بەردەوامیاندا بە ئەنجامە خراپەکان وێڕای ئەوەی یانەکە تووشی قەیرانی دارایی قوڵ بۆتەوە.
یاسین ئاراس، دوای شکستەکەیان باسی کاتی دەست لەکارکێشانەوەی کرد و گووتی:
بە داخەوە کێشەکانی ئەم دواییە کاریگەری خراپی لەسەر یاریزانەکان جێهێشتووە، لە کۆی پێنج یاریی ئەم وەرزە چوار یاریی شکست بەش بووین، ئەمەش کارێکی زەحمەتە بۆ راهێنەر، نامەوێ لە بەرپرسیارەتی رابکەم، بۆیە دەست لەکارکێشانەوەی من بەندە بە بڕیاری ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەکە.
نەورۆز تووشی قەیرانێکی قوڵی دارایی بۆتەوە، یاریزانەکان 60 رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و یاریزانە پیشەگەرەکانیش تا ئێستا پێشەکی گرێبەستەکانیان پێنەدراوە.
دوای ئەم شکستە نەورۆز بە سێ خاڵ کەوتە ریزبەندی 16ـەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق کە لە پێنج یارییدا چوار شکست و سەرکەوتنێکی هەیە، گەڕی داهاتووش هەر لە یاریگای خۆی میوانداری هەولێر دەکات.



