CV؛ هەموو شتێک لەسەر عەبدوڵا جەلال و یانەی دهۆک بزانە
بۆ جارێکی دیکەش عەبدوڵا جەلال سەرکردایەتی هەڵۆکانی چیا دەکات

یاریگا –
جارێکی دیکە عەبدوڵا جەلال بە فەرمی بووەوە سەرۆکی یانەی دهۆک و هەڵبژاردنەکانی یانەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاییکردەوە.
عەبدوڵا جەلال لە ساڵی 2020 بۆ یەکەمجار پۆستی سەرۆکی یانەکەی وەرگرت، یانەکەی شاری داسنیا پێشڤەچوونێکی گەورەی لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە لەژێر سەرپەرشتی عەبدوڵا جەلال بەدەستهێنا.
عەبدوڵا جەلال کێیە؟
عەبدوڵا جەلالەدین مستەفا، لەدایکبووی ساڵی 1987 (38 ساڵ). نزیکەی شەش ساڵ سەرۆکی یانەی دهۆک بووە.
- هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە پەروەردەی وەرزشی زانکۆی دهۆک.
– ساڵی 2011 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی دهۆک بەدەستهێنا.
– ساڵی 2014 بڕوانامەی ماستەری لە زانکۆی بامۆ لە هیندستان بەدەستهێنا.
– ساڵی 2020 بڕوانامەی دکتۆرای لە پەروەردەی وەرزشی لە زانکۆی دهۆک بەدەستهێنا. - بۆ ماوەی 12 ساڵ یاریزانی تێنسی سەر زەوی بوو.
- پاڵەوانی یاریی تێنسی سەر زەوی لەسەر ئاستی زانکۆکانی عێراق لە ساڵی 2009، بەشداری چەندین پاڵەوانیەتی تێنسی سەر زەوی کردووە.
- لە وەرزی 2017-2018 سکرتێری یانەی زێرەڤانی بوو و نازناوی خولی نایابی کوردستانیان بەدەستهێنا.
- لە ساڵی 2019 لەگەڵ یانەی ئافرەتانی دهۆک بوونە پاڵەوانی خولی کوردستان.
- ساڵی 2020 بووە سەرۆکی یانەی دهۆک.
- یانەی دهۆکی لە خولی پلەیەکی عێراق سەرخستە خولی نایابی عێراق (خولی ئەستێرەکانی عێراقی ئێستا). ئەوکاتە بڕی 600 هەزار دۆلار (60 دەفتەر) لەگەڵ خۆی هێنایە نێو یانەکە و وەبەرهێنانی تێداکرد.
- بەرپرسی رێکخراوی زانستی پارتی دیموکراتی کوردستانە لە دهۆک.
- زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەزانێت.
- لە ساڵی 2022 هاوسەرگیری کردووە و باوکی کچێکە.
پڕۆژەکانی ساڵی داهاتووی یانەی دهۆک
عەبدوڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە فێستیڤاڵی ناساندنی تیمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە سەرەتای ئەم مانگە، بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق شەفافانە باسی لە داهاتی یانەکەی کرد.
سەرۆکی یانەی دهۆک لە فێستیڤاڵەکەدا روونیکردەوە، داهاتی یانەی دهۆک لە وەرزی رابردوودا بریتییە لە یەک ملیار و 161 ملیۆن دینار (3.4 ملیۆن دۆلار).
لەبارەی پڕۆژەکانی داهاتووی یانەکە، سەرۆکی دهۆک دووپاتیکردەوە، بڕیارە لەسەر رووبەری 8000 مەتردووجا چەند گۆڕەپانێکی تێنسی سەر زەوی و پادڵ دروست بکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، فرۆشگایەکی ناوازە بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی تایبەت بە یانەی دهۆک لەسەر رووبەری 150 مەتر دووجا دروستدەکرێت.
یانەی دهۆک ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاندەران دەکات، تاوەکو بلیتی یاریی و درێسی یانەکانیان بەدەستبگات، ئەمەش لەڕێگەی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت کە ئێستا بەردەستە.
مێژووی یانەکە
یانەی دهۆک لە ساڵی 1970 دامەزراوە و یەکێکە لە سەرکەوتووترین یانەکانی عێراق و کوردستان. نەک تەنیا لەسەر ئاستی تۆپی پێ، بەڵکو لەسەر ئاستی یارییەکانی وەرزشییەکانی دیکەش.
یاریگای یانەی دهۆک لە ساڵی 1992 دروستکراوە، یەکێکە لە شاکارەکانی شاری دهۆک و ئێستا شوێنی نزیکەی 25 هەزار هاندەر دەبێتەوە.
دهۆک لە وەرزی 2009-2010 بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، نازناوی خولی نایابی عێراق (ئەستێرەکانی عێراقی ئێستا)ی بەدەستهێنا. لە ساڵی رابردووش دوو نازناوی گرنگی بردەوە دهۆک، یەکەمیان خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو و جامی عێراق بوو.
لە وەرزی 2010-2011 یانەی دهۆک پلەی دووەمی خولی نایابی عێراقی بەدەستهێنا و نزیکبوو بۆ دووەمجار لەسەر یەک ببێتە پاڵەوانی عێراق.
لەسەر ئاستی کیشوەری ئاسیاش، یانەی دهۆک دووجار بەشداری لە جامی یەکێتیی ئاسیا کرد، لە ساڵی 2011 گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی و لە ساڵی 2013 گەیشتە قۆناخی 16.
رەنگ و دروشم
رەنگی سەرەکی یانەی دھۆک زەرد و شینە، کە لە لۆگۆی یانەکە ئاماژەی پێکراوە. لۆگۆکە لە هەڵۆیەک پێکھاتووە و دروشمی یانەی دھۆک نیشان دەدات، کە هەڵۆی چیاکانە (ئەلهۆیێن چیا).