
یاریگا –
لە نوێترین زنجیرەی پۆدکاستی واین روونی دا، جارێکی دیکە کای کورد دەرکەوتەوە و باسی دۆخی مانچێستەر یونایتد دەکەن پاش شکستەکەی دێربی.
ماوەی مانگێکە واین روونی ئەستێرەی مێژوویی شەیتانە سوورەکان پۆدکاستێک بۆ بی بی سی ئەنجام دەدات و کای کورد بەشێکە لە پڕۆگرامەکە.
کای کورد لە بنەڕەتدا ناوی کۆرانگ عەبدوڵایە و خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ناوبراو وەکو کەسایەتییەکی تەلەڤزیۆنی کۆمێدی لە بەریتانیا ناوبانگی دەرکردووە و خاوەنی نمایشی Kurd Your Enthusiasm بوو.
ماوەی مانگێکە لە پاڵ واین روونی، لە پۆدکاستێکی زنجیرەیی بی بی سی بەشدارە سەبارەت بە پرسە وەرزشییەکان.
لە میانەی پۆدکاستەکەدا روونی سەبارەت بە شکستەکەی یونایتد لە دێربی بەرامبەر سیتی وتی
من دەمەوێت تا دەکرێت ئەرێنی بم لەسەر یاریزانەکان و راهێنەر بەڵام زۆر قورسە وابیت لە کاتێکدا ئەوە دەبیبینیت شتێکی دیکەیە. تەنانەت ئەوە نابینین کە لە داهاتوودا بتوانن باشتربن. کاتێک یارییەکە بەرەو کۆتایی دەڕۆیشت، هاندەرانم دەبینی زووتر دەچوونە دەرەوە، من هەرگیز ئەوەم نەبینیووە
کای سەبارەت بە یارییەکە وتی
سیتی بە سەرەتایەکی باش دەستی پێنەکردووە لەم وەرزەدا تەنانەت لەم یارییەشدا بۆشایی دەبینرا لە هێڵی ناوەڕاست دا بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە دەتوانن پەیڕەوی پلانێک بکەین کە سەرکەوتووبێت بەڵام ئەم تیمەی یونایتد تەنانەت ئەوەشیان نیە.
لە وەڵامدا روونی هاوڕابوو لەگەڵ قسەکانی کوڕە کوردەکە و وتی
راستە، سیتی لە ئاستێکی باشدا نەبوون بەڵام ئەمە یەکێک لە خراپترین مانچێستەر یونایتدەکان بووە کە بینیومە و ئەوان هاوکاربوون بۆ ئەوەی مان سیتی 3-0 بیباتەوە.
تەواوی بەرنامەکە لە یوتیوب
کای کورد لە پێگەی خۆی لە ئینستاگرام لەسەر پۆدکاستەکە نوسیوییەتی
کاتێک تەمەنم 14 ساڵ بوو، وە سەیری ئەوەم دەکرد واین روونی گرێبەست لەگەڵ مانچێستەر یونایتد دەکات، ئەگەر ئەوکات پێت وتبام رۆژێک دێت هەفتەی دوو جار پۆدکاستت لەگەڵ روونی دەبێت، هەرگیز باوەڕم پێنەدەکردیت بەڵام ئێستا لەگەڵ پاڵەوانێکی منداڵیم کار دەکەم کە رەنگە باشترین یاریزانی مێژووی ئینگلتەرا بێت.
دواتر بە تەنزەوە نوسیوییەتی
زووە یان دەکرێت لە ئێستاوە پێی بڵێم مامە روونی؟
View this post on Instagram