
یاریگا –
لامین یامال لەدوای بردنەوە گەورەکەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بەرامبەر هەڵبژاردەی تورکیا، تووشی کێشەیەکی چاوەڕواننەکراو بووەوە.
یاریزانی تەمەن 18 ساڵان رۆڵێکی باڵای لە بردنەوەی 0-6 گێڕا و دوو گۆڵی لە یارییەکەدا دروستکرد.
دوای تەواوبوونی یارییەکە و کۆبوونەوەی یاریزانان لە نێو پاسی هەڵبژاردەی لاڕۆخا، تاوەکو بچنە فڕۆکەخانە و بگەڕێنەوە ئیسپانیا، دەرکەوت یامال بەڵگەنامەیەکی گرنگی ونکردووە.
لە شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلەکانی یاریگای تۆرکو لە شاری کۆنیا، یامال بە شپرزەییەوە بەدوای پاسپۆرت دەگەڕا، سەرەڕای گەڕانێکی زۆر، بەڵام بێسوود بوو.
بەڵام بەهۆی ناوبانگی یامال، لە لایەن باڵیۆزخانەی ئیسپانیا و حکومەتی تورکیا، هەموو ئاسانکارییەکی بۆکرا، تاوەکو لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بگەڕێتەوە ئیسپانیا و ئامادەکاری بۆ یاریی لووتکە بەرامبەر ڤالێنسیا بکات.