بازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترین

ناسنامەی یاریزانانی پیشەگەری چوار نوێنەرەکەی کوردستان

22 یاریزان لە 12 وڵاتی جیاوازەوە یاریی بۆ یانەکانی کوردستانی بەشدار لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکەن

Yariga App

یاریگا –

لە کاتێکدا خولی ئەستێرەکانی عێراق خۆی بۆ وەرزێکی نوێ و پڕ لە کێبڕکێ ئامادە دەکات، یانەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بۆ بەهێزکردنی ریزەکانیان، له‌ گواستنه‌وه‌ی یاریزانی پیشه‌گه‌ر چاڵاك بوون.

هه‌ر یانه‌یه‌كی به‌شدار له‌ خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق به‌پێی بریاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ده‌توانێت شه‌ش یاریزانی پیشه‌گه‌ر بگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی، هه‌ر یانه‌یه‌ك به‌شداری له‌ پاڵه‌وانه‌تیه‌كی ده‌ره‌وه‌ كردبێت ده‌رفه‌تی پێده‌درێت حه‌فت یاریزانی پیشه‌گه‌ر بگوازێته‌وه‌.

چوار نوێنەرەکەی کوردستان (هەولێر، دهۆک، زاخۆ، نەورۆز) کۆمەڵێک یاریزانی پیشەگەری بەتوانایان لە کیشوەرەکانی ئەوروپا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتینەوە هێناوە، كه‌ 22 یاریزانیان له‌ 12 وڵاتی جیاواز بۆ یانه‌كانیان گواستووته‌وه‌ کە هەر یەکەیان چیرۆک و ئەزموونی تایبەت بە خۆی هەیە، یاریگا زانیاری له‌سه‌ر یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كانی یانه‌كانی كوردستان به‌شدار له‌ خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق ئاشكرا ده‌كات.

یانەی هەولێر

یانەكه‌ی پایتەخت سێ یاریزانی پیشەگەری گرنگی هێناوە بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک لە نێوان بەرگری و هێرشبردن دروست بکات ده‌توانێت سێ یاریزانی دیكه‌ش بگوازێته‌وه‌.

  1. مامادۆ دیارا – نایجێریا؛ ئه‌م یاریزانه‌ له‌ هێڵی بەرگری یاریی ده‌كات وڵاتنامه‌ی فه‌ڕه‌نسی هه‌یه‌،ئەزموونی یاریکردنی لە خولەکانی فەرەنسا، سلۆڤینیا و بولگاریا هه‌یه‌.
  2. جونیۆر هاریسن ئێندوکا – نایجێریا؛ یاریزانی هێڵی ناوەڕاسته‌، هێزی جەستەیی و توانای تێکدانی پلانی هێرشبه‌ری تیپی به‌رامبه‌ر به‌ناوبانگه‌ هه‌روه‌ها له‌ دروستکردنی یاریی له‌ ناوه‌ڕاست ناسراوە، کە دەتوانێت وزەیەکی زۆر بدات بە تیپەکە.
  3. شێرزۆد تێمیرۆڤ – ئوزباکستان: هێرشبەرە ئۆزبەکییەکە، کە ئەزموونی یاریکردنی لەگەڵ یانەی بەناوبانگه‌كانی ئێران هه‌یه‌، دەبێتە چەکی سەرەکیی هێڵی هێرشبردنی هەولێر.
پیشەگەرانی یانەی هەولێر بۆ وەرزی 2025-2026

یانەی دهۆک

یانەی دهۆک پاڵه‌وانی جامی یانه‌كانی كه‌نداو و جامی عێراقی وه‌رزی رابردوو، بە لیستێکی بەهێز و جۆراوجۆر لە یاریزانی پیشەگەر، چاوی لەسەر کێبڕکێکردنە لەسەر نازناوەکە.

  1. جواو ڤیکتۆر – بەڕازیل: هێرشبەره‌كه‌ی سامبا کە بە لێهاتوویی و تەکنیکی بەرزی ناسراوە، دەتوانێت بە جووڵەکانی بەرگری رکابەر ماندوو بکات.
  2. ئیڤان نێڤۆسیلچ – کڕواتیا: بەرگریکارێکی بە ئەزموونه‌ لە قوتابخانەی تۆپی پێی کرواتیا ده‌ركه‌ووته‌وه‌، له‌ چه‌ند یانه‌یه‌كی ئه‌وروپی یاریی كردووه‌.
  3. کەریم دەروێش – لوبنان: هێرشبه‌ركه‌ی لوبنان یاریزانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، کە ئەزموونێکی زۆری لە خولەکانی ئاسیا هەیە و وه‌رزی رابردووش له‌گه‌ڵ دهۆك هه‌ردوو نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا.
  4. یانیک زاکری – کۆتدیڤوار: یاریزانێکی خێرا و لێهاتووه‌ لە باڵەکاندا، کە بە توانای تێپەڕاندنی یاریزانان و دروستکردنی دەرفەتی مەترسیدار ناسراوە، وه‌رزی رابردوو له‌ ریزه‌كانی هه‌لۆی چیا یاریی كردوو بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ش گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێكرده‌وه‌.
  5. لیۆ کۆستا – بەڕازیل: جەنگاوەرەکەی چه‌قی یانه‌ی دهۆك له‌ چه‌ند یانه‌یه‌كی به‌رازیلی یاریی كردووه‌ به‌ڵام خاوه‌نی هیچ نازناوێكی فه‌رمی نیه‌.
  6. خادم رەسووڵ – سێنیگال: بەرگریکارێکی بەهێزی جەستەیی و خێرا، کە دەتوانێت لە چەندین شوێنی هێڵی بەرگریدا یاری بکات بۆ یه‌ك وه‌رز گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ دهۆك واژۆ كردووه‌.
پیشەگەرانی یانەی دهۆک بۆ وەرزی 2025-2026

یانەی زاخۆ

زاخۆ، کە بەشداری لە جامی یانه‌كانی كه‌نداو ده‌كات ، سوودی لە یاساکان وەرگرتووە و حەوت یاریزانی پیشەگەری هێناوە، کە ئەمەش هێزێکی گەورەی پێدەبەخشێت یانه‌كه‌ ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر سه‌رجه‌م نازناوه‌كان ركابه‌ری بكات.

  1. محەمەد یاتارا – گینیا: خه‌ڵكی گینیایه‌ به‌ڵام وڵاتنامه‌ی فەرەنسای هه‌یه‌، هێرشبەرێکی بە ئەزموونه‌ کە پێشتر لە خولی فەرەنسی لیگ وه‌ن یاریی کردووە.
  2. عەلائەدین دالی – سووریا: گۆڵکاری ناسراوی هەڵبژاردەی سوریایه‌، کە بە بکوژ لەناوچەی سزادا ناسراوە و ئەزموونی لەگەڵ یانەکانی عێراق هه‌یه‌.
  3. ئۆرینیۆ – بەڕازیل: بەرگریکاره‌ بەڕازیلیه‌كه‌ کە توانای یاریکردنی لە باڵەکانی بەرگریدا هەیە و بە خێرایی و توانای هێرشبردنی ناسراوە.
  4. ناسڕ محەمەدۆ – یه‌مه‌ن: ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەی یەمەنه‌، یاریزانێکی خێرا و لێهاتووە کە دەتوانێت لە چەندین شوێنی هێڵی هێرشبردن یاری بکات وه‌رزی رابردووش وه‌ك پیشه‌گه‌رێك یاریی بۆ یانه‌ی زاخۆ كرد.
  5. ئالیۆ ئادەم – نایجێریا: یاریزانێكه‌ به‌ هه‌ڵسورێنه‌ری هێڵی ناوەڕاست ده‌ده‌نرێت کە توانایەکی باشی لە گواستنەوەی یاری لە بەرگرییەوە بۆ هێرشبردن هەیە.
  6. ئێچیتا دیپۆتی – نایجێریا: هێرشبەرێکی گەنج و بەتوانایه‌، وه‌رزی رابردوو له‌گه‌ڵ زاخۆ یاریی كرد، بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ش گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی نوێكرده‌وه‌.
  7. جۆسێب ماوریسیۆ – بەڕازیل: بەرگریکارێکی تری بەڕازیلیه‌ كه‌ درێسی زاخۆ ده‌پۆشێت ئه‌زمونێكی زۆری له‌ خولی به‌رازیلی و چه‌ند خولێكی ئه‌وروپی هه‌یه‌.
پیشەگەرانی یانەی زاخۆ بۆ وەرزی 2025-2026

یانەی نەورۆز

نەورۆز بەردەوامە لەسەر سیاسەتی هێنانی یاریزانی بەتوانا لە بەڕازیل و وڵاتانی بەلقان، کە تێکەڵەیەکی سەرنجڕاکێشیان دروستکردووە.

  1. فرانسیس نۆلار ئێمبێمبا – فەڕەنسا: یاریزانێكی به‌رگرییه‌ و خه‌ڵكی كۆنگۆیه‌، له‌ هێلی به‌رگری یاریی ده‌كات نه‌ورۆز ده‌یه‌وێت له‌ هێلی به‌رگری سوود له‌ ئه‌زموونی ئه‌م یاریزانه‌ وه‌ربگرێت.
  2. فیلیپ مالباسیچ – سڕبیا: یاریزانێکی بە ئەزموونه‌ کە لە خولە بەهێزەکانی ئەوروپا یاریی کردووە، بە تەکنیک و توانای دروستکردنی دەرفەت ناسراوە.
  3. كریستیان تۆجیچ – بۆسنیا: بەرگریکارێکی به‌توانایه‌، یانه‌ی نه‌ورۆز بۆ وه‌رزێك گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كردووه‌ و له‌ چه‌ند یانه‌یه‌كی ئه‌وروپی یاریی كردووه‌.
  4. ئۆگنیێن مرشیچ – سڕبیا: بەرگریکارێکی تری بەلقانیه‌ کە هێز و پتەوی دەدات بە هێڵی بەرگریی نەورۆز.

  5. کلاودیۆ مارادۆنا – بەڕازیل: ناوێکی ئاشنا له‌ لایه‌ن هانده‌رانی یانه‌ی نه‌ورۆز كه‌ وه‌رزی رابردوو كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامه‌كانی یانه‌كه‌ هه‌بوو، چوار گۆڵ و چوار ئه‌سیستی هه‌بوو هانده‌ران چاویان له‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ش ئاستێكی به‌رز له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ پێشكه‌ش بكات.

  6. گایتان لۆرا – کۆنگۆ: یاریزانێکی هێرشبەری خێرا و به‌توانایه‌، کە دەتوانێت لە چەند شوێنێکی هێڵی پێشەوە یاری بکات.
پیشەگەرانی یانەی نەورۆز بۆ وەرزی 2025-2026

بریاره‌ وه‌رزی نوێی خولی ئه‌ستێره‌كانی عێراق له‌ 13ـی ئه‌م مانگه‌ ده‌ست پێبكات، تاوه‌كو ئێستا تیروپشكی خوله‌كه‌ نه‌كراوه‌.

بابەتی زیاتر

Back to top button