
یاریگا –
لێژنەی رێککاری جامی خولی ئەمریکا بڕیارێکی توندی لە دژی لویس سوارێز، ئەستێرەی ئینتەر مەیامی دەرکرد.
پێنج رۆژ دوای دروستبوونی شەڕ و گرژی لە نێوان یاریزانانی ئینتەر مەیامی و سیاتڵ ساوندەرز، لێژنەی رێککاری جامی خولی ئەمریکا کۆمەڵێک بڕیاری لەسەر یارییەکە دەرکرد.
قورسترین سزا بەر سوارێز، ئەستێرەی ئوروگوایی کەوت، بەگوێرەی بڕیارەکە شەش یاریی سڕ دەکرێت، ئەمەش دوای تف کردنی لە یەکێک لە ئەندامانی دەستەی راهێنەرایەتی سیاتڵ ساوندەرس.
لەلایکەی دیکەوە سێرجیۆ بوسکێتس، یاریزانی مەیامی بەهۆی توندی هەڵسوکەوتی، بۆ ماوەی دوو یاریی سڕ دەکرێت، هەروەها ستیڤن لینهارت، یاریدەدەری راهێنەری سیاتڵیش بۆ پێنج یاریی سڕکرا.
🚨 𝗢𝗙𝗙𝗜𝗖𝗜𝗔𝗟: Luis Suarez has been suspended for 6 matches after spitting on a Seattle Sounders coach. 🇺🇾 pic.twitter.com/1e1vdxkrSE
— Football Tweet ⚽ (@Football__Tweet) September 6, 2025
بەگوێرەی رێساکانی تۆپی پێی ئەمریکا، ئەم بڕیارانە تەنیا جامی خولی ئەمریکی دەگرێتەوە، پێشبینی دەکرێت، کۆمەڵەی خولی ئەمریکیش بڕیاری تایبەت بەخۆی دەربکات.
سوارێز یەکێکە لەو یاریزانانەی بەدرێژایی کاروانی وەرزشی، چەندین رووداوی پڕمشتومڕی ناوەتەوە، لەوانە سڕکردن بۆ 10 یاریی، دوای گازگرتنی لە بڕانیسلاڤ ئیڤانۆڤیچ، یاریزانی پێشووی چێڵسی لە پرێمەرلیگی ساڵی 2013، هەرووەها راگرتنی بۆ پێنج یاریی نێودەوڵەتی بۆ هەمان هەڵسوکەوت بەرامبەر جیۆرجیۆ کیلینی لە مۆندیالی 2014، هەروەها دوای هەڵسوکەوتێکی توند بەرامبەر پاتریس ئێڤرا، بۆ هەشت یاریی سڕکرا.