مانچێستەر یونایتد لە گەڕاندنەوەی هێرشبەرێکی پێشوو نزیکبوو
ئامۆریم پێی سەرسامە

یاریگا –
مانچێستەر یونایتد خەریکبوو جارێکی دیکە گرێبەست لەگەڵ دانی وێڵبێک، یاریزانی پێشووی یانەکە واژۆبکاتەوە.
مان یونایتد بوودجەیەکی زۆری لە گواستنەوەی سێ هێرشبەر خەرجکرد و هەریەکە لە بڕاین ئێمبوێمۆ، ماتیوس کونیا و بێنیامین شێشکۆی گواستەوە.
بەر لە گواستنەوەی هێرشبەرانی نوێ، لیام دێلاپ، هێرشبەری پێشووی ئیپسویچ ئامانجی سەرەتایی یانەکەبوو، بەڵام مانچێستەر سیتی و چێڵسی رکابەرییەکی توندییان لەسەر یاریزانەکە دەکرد و لە کۆتاییدا بووە یاریزانی چێڵسی.
ئۆلی واتکینس، هێرشبەری ئاستۆن ڤیلا و هوگۆ ئێکیتیکێ، هێرشبەری لیڤەرپوول لە لیستی خوازراوەکانی مان یونایتد بوون، بەڵام هەردووکیان رەتیانکردەوە بچنە ئۆڵدترافۆرد.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، مان یونایتد بەر لە گواستنەوەی شێشکۆ بە 74 ملیۆن پاوەند، خەریکی هەڵسەنگاندنی گەڕاندنەوەی وێلبێک بوو.
وێڵبێک بەرهەمی ئەکادیمیای مانچێستەر یونایتدە و روبن ئامۆریم پێی سەرسامە. لە گفتوگۆی نێوان ئامۆریم و سێر جیم راتکڵیف، خاوەنی پشکی کەمینەی مان یونایتد، گەیشتنە ئەو بڕوایەی گرێبەستێکی تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 لەگەڵ واژۆ بکرێت، بەڵام لە کۆتاییدا راتکڵیف پەشیمانبووەوە و بیرۆکەکەی بە پەسند نەزانی.
دۆمینیک کالڤێرت لێوین، هێرشبەری پێشووی ئێڤەرتن لە رادارەکانی مان یونایتددا بوو، بەڵام بووە یاریزانی لیدز یونایتد. ئانتۆنی سێمێنیۆ، ئەستێرەی بۆرنمس بەهۆی بەرزی بەهاکەی کە بریتییە لە 70 ملیۆن پاوەند، مان یونایتدی پەشیمان کردەوە.
ئێستا هێڵی هێرشبەری مانچێستەر یونایتد تەواو جیاوازە، هەریەکە لە راسموس هۆیلوند، جەیدن سانچۆ، مارکوس راشفۆرد و ئالێخاندرۆ گارناچۆ و ئانتۆنی بەڕێکراون.