ئه‌ڵمانیا

کێ دەبێتە گۆڵپارێزی سەرەکی هەلبژاردەی ئەڵمانیا؟

Yariga App

یاریگا –

جولیان ناگلیسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، بۆ وەرگرتنی پۆستی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەکەی پلانی گەورەی هەیە و هیوادارە مارک ئەندرێ تێر شتیگن بەم نزیکانە بگەڕێتەوە یاریگا.

بەهۆی پێکانەکەی تێر شتیگن و نادیاری داهاتووی لە بارسێلۆنا، نیگەرانی لەبارەی رۆڵی لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەیدا پێش مۆندیالی 2026 هەیە. دۆخی تێرشتیگن دەنگۆی گەڕانەوەی مانوێل نۆیەر لە وازهێنانی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، بەڵام ناگلیسمان بڕیاریدا رێگایەکی دیکە بگرێتەبەر و رایگەیاند کە ئۆلیڤەر باومان، گۆڵپارێزی هۆفێنهایم تاوەکوو گەڕانەوەی تێرشتیگن پارێزەری لە گۆڵی مانشافت دەکات.

ناگلیسمان سەبارەت بە هەڵبژاردنی باومان دەڵێت:

ئەو گۆڵپارێزە ئاستێکی زۆر باشی پێشکەش کردووە و لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام لە خولی ئەڵمانی ئەنجامی باسی هەبووە، باومان گۆڵپارێزێکی باشە، کارەکتەری متمانەپێکراوی هەیە و شایەنی یاریکردنە لە هەڵبژاردە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی نێوان نۆیەر و تێر شتیگن، ئاماژەی بەوەشکرد و گوتی:

پلانەکەم روونە: تێر شتیگن کاتێک تەندروستی باش بێت یاری دەکات، هیوادارم زوو چاک بێتەوە و پێدەچێت تا زستان بگەڕێتەوە و دواتر دەزانین بارودۆخ چی لێدێتەوە.

گۆڵپارێزی بارسێلۆنا لە مانگی تەمموزدا دوای پێکانەکەی پشتی نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی بۆ کرا و پێشبینی دەکرا بۆ ماوەی سێ مانگ لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە، بەڵام ناکۆکی لەگەڵ یانەکە کە بۆ ماوەیەکی کاتی کاپتنیەتی لێسەندرایەوە، راستی ماوەی دوورکەوتنەوەی ئاشکرابوو و بۆماوەیەکی درێژتر دادەبڕێت.

هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە 4ی ئەیلول بەرامبەر سلۆڤاکیا و لە 7ی ئەیلول بەرامبەر ئێرلەندای باکوور یاریی دەکات، هەروەها ئەلێکساندەر نۆبڵ لە شتوتگارت و فین دامن لە ئۆگسبۆرگیش بۆ لیستی یاریزانە بانگهێشتکراوەکان زیادکراون.

بابەتی زیاتر

Back to top button