چۆن ئارسیناڵ ئیزێی لەنێو چنگی تۆتنهام دەرهێنا و کێ سەرپەرشتی پڕۆسەکە دەکات؟
گەنەرز بە تیمێکی شارەزا هەمووان شۆک کرد

یاریگا –
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، ئارسیناڵ لەدوای دووپاتبوونەوەی پێکانی کای هاڤێرتز، دەستبەجێ ئۆفەرێکی پێشکەشی کریستال پاڵاس کرد.
تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، ئارسیناڵ ئۆفەرێکی لە دەوروبەری 68 ملیۆن پاوەند پێشکەشی کریستال پاڵاس کرد و دوای کۆبوونەوەیەکی خێرای دەستەی کارگێڕی یانەکەی باشووری لەندەن، رەزامەندی لەسەر ئۆفەرەکە درا.
هەرچەندە تۆتنهام دەمێکە لەسەرهێڵە بۆ گواستنەوەی ئیزێ، بەڵام ئارسیناڵ زوو گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەستێرە ئینگلیزییەکە دەستپێکرد و لەسەر تەواوی مەرجەکانی کەسی رێککەوتن.
سەرەڕای رێککەوتنی هەمەلایەنە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ئیزێ دوا یاریی بۆ کریستال پاڵاس بکات. یانەکەی باشووری لەندەن لە کۆنفڕانس لیگ رووبەڕووی فریدریکشتادی نەرویجی دەبێتەوە.
پێشبینی دەکرێت، سبەی هەینی گەشتی باکووری لەندەن بکات و پشکنینی پزیشکی بۆ گەنەرز بکات.
هەریەکە لە ئاندرێیا بێرتا، بەڕێوەبەری وەرزشی و تیم لێویس، جێگری سەرۆکی ئارسیناڵ سەرپەرشتی پڕۆسەی گواستنەوەی ئیزێیان کرد.
ئارسیناڵ لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا چەندین گرێبەستی گەورەی کرد لەوانە؛ کێپا ئاریزابالاگا، کریستیان مۆسکێرا، مارتن زوبیمێندی، کریستیان نۆرگارد، نۆنی مادوێکێ و ڤیکتۆر یۆکێرێش.
ئیزێ پێشتر یاریی لە ئەکادیمیای ئارسیناڵ کردووە و هاندەری منداڵی یانەکەیە، هەرچەندە گەنەرز حەزی لە گواستنەوەی بوو، بەڵام پێکانەکەی هاڤێرتز، هاوکێشەکەی بەخێرایی ئاوەژوو کردەوە.
ئیزێ لە هاوینی ساڵی 2020 لە کوینز پارک رەیجنەرزەوە بەبڕ 17 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە کریستال پاڵاس کرد. لەوساتەوە 169 یاریی بۆ هەڵۆکانی لەندەن کردووە و خاوەنی 40 گۆڵە. ئیزێ 12 یاریی نێودەوڵەتیشی لەگەڵ ئینگلتەرا کردووە و تەنیا یەک گۆڵی هەیە.