
یاریگا –
یەکەم یاریی بارسێلۆنا لە وەرزی نوێی لالیگا مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، خۆسێ لویس مۆنوێرا، ناوبژیوانی یارییەکە رووبەڕووی رەخنەی زۆربووەتەوە.
بارسێلۆنا لە یاریگای مایۆرکا بووە میوانی ریال مایۆرکا و یارییەکەی 0-3 بردەوە. هەریەکە لە رافینیا، فێران تۆرێس و لامین یامال گۆڵەکانی بارسێلۆنایان کرد.
ئەوەی بووە جێی مشتومڕ، ئاست و بڕیاری ناوبژیوانی یارییەکە بوو، بەجۆرێک هەڵسەنگاندنی زۆربەی میدیا و پێگەی پەیوەندیدار، بە خراپ لەقەڵەمییاندا.
مۆنوێرا مانۆ مۆرلانێس و ڤێدات موریکی لە خوولەکەکانی 33 و 39 بە کارتی سوور کرانە دەرەوە. هەروەها حاڵەتێکی دیکەی پڕ مشتومڕ لە خوولەکی 23 روویدا، کاتێک شووتێکی بەهێزی لامین یامال بەر سەری مانۆ مۆرلانێس، بەرگریکاری ماریۆکا کەوت و یاریزانەکە کەوتە سەر زەوی، بەڵام یارییەکە رانەگیرا و تۆرێس گۆڵی دووەمی یارییەکەی کرد.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ راپۆرتی دوای یارییەکەی مۆنوێرای دەستگەیشتووە و تیایدا هۆکاری کارتە سوورەکانی روونکردووەتەوە.
دەرکردنی مووریکی
لە خوولەکی 39ی یارییەکەدا، یاریزانی ژمارە 7 ڤێدات مووریکی بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، هۆکارەکان؛
- لە کاتی ململانێی وەرگرتنی تۆپ لەگەڵ یاریزانی رکابەر، پێی خۆی بۆ ئاستی دەموچاو بەرزکردەوە و هێزێکی لەڕادەبەدەری بەکارهێنا.
دەرکردنی مۆرلانێس
- یەکەم کارتی زەرد وەکو هۆشداری بە یاریزانەکە درا، ئەمەش دوای ناڕەزایی دەربڕین لەبارەی بڕیارێکی هونەری من.
- دووەم کارتی زەرد، بەردانەوەی یاریزانی رکابەربوو لە کاتی ململانێی وەرگرتنی تۆپ، ئەمەش بووە هۆی وەستاندنی هێرشێکی چاوەڕوانکراو.
لەلایکەی دیکەوە هەژماری ئەرکیڤۆ ڤاری تایبەت بە ناوبژیوانیی هەڵسەنگاندنێکی زۆر خراپی مۆنوێرای کرد و تەنیا 1 خاڵی لەسەر 10 پێدا و ئاستی گێمی یەکەمی بە کارەساتبار وەسفکرد.