ناسر خلێفی لە ترسی لیڤەرپوول مووچەی ئەستێرەیەکی دوو هێندە دەکات
گفتووگۆ بۆ نوێ کردنەوەی گرێبەستەکەی دەستی پێکرد

یاریگا –
ناسر خلێفی سەرۆکی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی، سەبارەت بە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی گفتوگۆی لەگەڵ برادلی بارکۆلا دەستپێکرد.
چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاشکرا بوو کە لیڤەرپوول جگە لە گرێبەستە گەورەکانی ئەم هاوینە ئامانجێکی نوێی هەیە ئەویش گواستنەوەی برادلی بارکۆلا، هێرشبەری باڵی پاریس سانجێرمانە. ئەم هەواڵە لە پاریس زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا. دیار بوو لیڤەرپوول بەدوای یاریزانێکی باڵدایە، بەڵام زۆربەی هەواڵەکان لەسەر ئارەزووی لیڤەرپوول بوو بۆ دانوستان لەگەڵ هێرشبەرەکەی ریال مەدرید رۆدریگۆ. هەواڵی کتوپڕی گرنگیدانی ئارنی سلۆت بۆ بارکۆلا زیاتر لە هەموو کەس لویس ئێنریکی و ناسر خلێفی ترساند.
فابریزیۆ رۆمانۆ، شارەزا لە میرکاتۆی یاریزانان بڵاویکردەوە، خلێفی رەتیکردۆتەوە چاوەڕێ بکات و دەستبەجێ دانوستانەکانی لەگەڵ برادلی بارکۆلا دەستپێکردووە. دەیەوێت گرێبەستی ئەو یاریزانە باڵە لاوە بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ بکاتەوە بۆ ئەوەی خەمی هەوڵەکانی لیڤەرپوول لەبیر بکات و شەوانە بە ئاسوودەیی بخەوێت.
Fabrizio Romano provides fresh update on Bradley Barcolahttps://t.co/IWtRbKEeUQ
— DaveOCKOP (@DaveOCKOP) August 12, 2025
پاریس سانجێرمان لەسەر فەرمانی خلێفی دەستبەجێ هەوڵەکانی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی بارکۆلا دەستپێکردووە. خلێفی سەرەتا پەیوەندی بە لویس کامپۆسەوە کرد و دواتر لویس ئێنریکی بۆ وەرگرتنی بۆچوونەکانیان. کامپۆس و ئێنریکی هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی یانەکە دەبێت هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی بارکۆلایان لەدەست نەچێت.
خلێفی مۆڵەتی بە لویس کامپۆس دا بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکانی درێژکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ بارکۆلا و پێی راگەیاند کە دەتوانێت مووچەی ئەو یاریزانە باڵە لاوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات بۆ ئەوەی بە خێرایی رازی بکات.
لە کۆی 34 یاری خولی فەرەنسا لە 14 یاریدا سەرەکی بووە و 14 گۆڵ و 11 ئەسیستیشی هەبوو.