میلان واز لە هێرشبەرێکی مانچێستەر یونایتد ناهێنێت
گفتوگۆی سەرەتایی دەستپێکردووە

یاریگا –
ئەیسی میلان هەوڵی جیدی بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ دەستپێکردووە.
رۆسۆنێری گفتوگۆی سەرەتایی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بۆ گواستنەوەی راسموس هۆیلوند، هێرشبەری دانیمارکی دەستپێکردووە.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، میلان خۆی بۆ گواستنەوەی هۆیلوند یەکلاییکردووەتەوە، بەڵام گفتوگۆ لەسەر شێوازی گواستنەوەکە بەردەوامە.
لە ئەگەری بەرزی نرخی ئەستێرەی پێشووی ئاتاڵانتا، لەوانەیە مانچێستەر یونایتد بە خواستنی یاریزانەکە رازیبێت، چونکە ئێستا سێ هێرشبەری نوێی گواستووەتەوە و کەمتر پشت بە هۆیلوند دەبەستێت.
مانچێستەر یونایتد دەیەوێت هۆیلوند بفرۆشێت و بەهاەی ئێستای تەنیا 30 ملیۆن پاوەندە. هەرچەندە ناوی هۆیلوند لەسەر لیستی ‘پێکهاتەی بۆمب’ (ئانتۆنی، جەیدن سانچۆ، ئالێخاندرۆ گارناچۆ و تیرێل ماڵاسیا)ی روبن ئامۆریم نییە، بەڵام مان یونایتد ئامادەیە رێگە بەچوونە دەرەوە.
لە ئەگەری رێکنەکەوتن لەسەر بەهای گواستنەوە، مان یونایتد ئامادەدەبێت بە مەرجەکانی خۆی گفتوگۆ لەگەڵ میلان بکات، تاوەکو بە خواستن رێگە بەچوونە دەرەوەی بدات.
لەدوای گواستنەوەی بێنیامین شێشکۆ بۆ مانچێستەر یونایتد، ئێستا هێڵی پێشەوەی یونایتد ژمارەیەکی زۆری یاریزانی تێدایە، جیا لە هۆیلوند، ئامۆریم بژاردەکانی وەکو ماتیوس کونیا، بڕاین ئێمبوێمۆ، شێشکۆ، جۆشوا زیرکزی و چیدۆ ئۆبی هەیە.
هۆیلوند لە هاوینی ساڵی 2023 بەبڕی 75 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ 10 ملیۆن یۆرۆی پەیوەست بە پاداشتەکان لە ئاتاڵانتاوە پەیوەندی بە مان یونایتد کرد.
لە وەرزی رابردوودا هۆیلوند تەنیا 10 گۆڵی کرد، ئەمە جیا لەوەی 21 یاریی بێگۆڵ بەڕێکرد.
هۆیلوند کاروانی وەرزشی لەگەڵ کۆپێنهاگن دەستپێکرد و لە تەمەنی 17 ساڵیدا یەکەم یاریی فەرمی خۆی لە ساڵی 2020 کرد. یاریزانە دانیمارکییەکە بۆ ماوەیەکی کورت پەیوەندی بە ستروم گرازی نەمساییەوە کرد، دواتر لە هاوینی ساڵی 2022 چووە ئیتاڵیا و لەگەڵ ئاتاڵانتا مێژوویەکی نوێی نووسی، کاتێک لە 31 یاریدا، هەشت گۆڵ و دوو ئەسیستی کرد.