ململانێی نێوان نیوکاسڵ و مان یونایتد گەیشتووەتە لووتکە؛ شێشکۆ رووناکی سەوزی هەڵگردووە
لەم نێوەندەدا لیڤەرپوول خۆی بۆ ئیزاک مەڵاس داوە

یاریگا –
کێبڕکێیەکانی سەر گواستنەوەی بێنیامین شێشکۆ، ئەستێرەی سلۆڤینی گەیشتووەتە لووتکە.
هەرچەندە لە سەرەتای مێرکاتۆی ئەم هاوینە، ناوی شێشکۆ بەردەوام بە چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ دەبەسترایەوە و لەسەرووی هەموویانەوە ئارسیناڵ، بەڵام دواتر یانە لەندەنییەکە ئامانجی خۆی یەکلاییکردەوە و لە کۆتاییدا ڤیکتۆر یۆکێرێشی لە سپۆڕتینگ لیسبۆن گواستەوە.
ئێستا شێشکۆ بووەتە ئامانجی سەرەکی مانچێستەر یونایتد و نیوکاسڵ یونایتد. هەرچەندە نیوکاسڵ هەنگاوی فەرمیشی ناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لایپزیگ وەڵامی ماگپایسی نەداوەتەە.
بەهۆی سووربوونی ئالێکساندەر ئیزاک بە پەیوەندیکردن بە لیڤەرپوول، نیوکاسڵ ناچاربووە بەدوای جێگرەوەیەکی گەورە بگەڕێت و شێشکۆ دیارترین جێگرەوەیە.
نیوکاسڵ یونایتد ئۆفەرێکی بەبڕی 70 ملیۆن پاوەند پێشکەشی لایزپیگ کردووە، پێناچێت یانە ئەڵمانییەکە کێشەیەکی زۆری لەسەر ئۆفەرەکە هەبێت، بەڵام چاوەڕێی وەڵامی شێشکۆ دەکەن.
تاوەکو ئێستا شێشکۆ خۆی لە نێوان مانچێستەر یونایتد و نیوکاسڵ یونایتد یەکلایینەکردووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی گواستنەوەکە.
رۆژنامەی سەن بڵاویکردووەتەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە لایپزیگ ئۆفەری فەرمی نیوکاسڵ رەتدەکاتەوە، بەڵام پێشبینی ئۆفەرێکی نوێ دەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی دەیلی تێلێگراف روونیکردووەتەوە، نیوکاسڵ یونایتد ئاگادارکراوەتەوە، ئۆفەرێکی گەورەتر پێشکەشی لایپزیگ بکات، چونکە ئۆفەری یەکەم بە تەواوی رەتکراوەتەوە.
شێشکۆی تەمەن 22 ساڵان، پێشتر یاریی بۆ رێد بوڵ سالزبورگ کردووە و لە هاوینی ساڵی 2023 پەیوەندی بە بڕی 24 ملیۆن یۆرۆ لایپزیگ کرد.
یاریزانە سلۆڤینییەکە 87 یاریی لەگەڵ لایپزیگ کردووە و خاوەنی 39 گۆڵ و هەشت ئەسیستە.