ئیسپانیائینگلتەراگرنگترین

خاوەنی لیڤەرپوول دەیەوێت یانەیەکی ئیسپانی بکڕێت

گفتوگۆکان دەستیانپێکردووە

Yariga App

یاریگا –

گروپی فێنوەی سپۆرس، خاوەنی لیڤەرپوول گفتوگۆیان لەگەڵ یانەیەکی ئیسپانی دەستپێکردووە.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، نوێنەرانی فێنوەی سپۆرتس گفتوگۆیان لەگەڵ ئانخێل تۆرێس، سەرۆکی خێتافی دەستپێکردووە و گروپە ئەمریکییەکە ئامادەیە خێتافی بکڕێتەوە.

مانگی رابردوو، فێنوەی سپۆرتس بۆ یەکەمجار گرنگیپێدانی خۆی بە کڕینەوەی خێتافی پیشاندا و ئێستا خەریکن باسی وردەکارییەکان دەکەن.

خێتافی یەکێکە لە یانە سەرکەوتووەکانی لالیگا و زیاتر لە 20 وەرزە لە دیارترین خولی ئیسپانیا یاریی دەکات. پێشتر چەندین یاریزانی وەکو ئێمی بوێندیا، ئالڤارۆ مۆڕاتا و کریستانتوس ئوچێی بەرهەم هێناوە.

هەرچەندە سەرۆکی یانەکە چەندینجار باسی بەهای یانەکەی کردووە و بە 160 ملیۆن پاوەند دەیخەمڵێنێت، بەڵام بەگوێرەی تۆڕە ئەمریکییەکە، بەهای یانەکە بریتییە لە 100 ملیۆن پاوەند.

فێنوەی سپۆرتس دەیەوێت ببێتە خاوەنی زنجیرەیەک یانە، ئەمەش دوای دەستنشانکردنی مایکڵ ئێدواردس بە بەڕێوەبەری تۆپی پێی کۆمپانیاکە. ئێدواردس ستراتیجییەتی خاوەندارێتی یانەی جیاوازی هەیە.

لە 16 مانگی رابردوودا، فێنوەی سپۆرتس ناوی بە چەندین بەڕازیل، فەڕەنسا و ئیسپانیا بەسترابووەوە. گروپەکە لە کڕینەوەی مالاگا و بۆردو نزیکبوو، بەڵام پێدەچێت ئێستا خێتافی ئامانجی سەرەکی گروپەکە بێت.

گروپی فێنوەی سپۆرتس لە ساڵی 2001 لەلایەن جۆن دەبڵیو هێنری، تۆم وێنەر و چەند وەبەرهێنێکی ئەمریکی دامەزرا. سەرەتا یانەی بۆستن رێد سۆکس و یاریگای فێنوەی پارکییان لە ساڵی 2002 کڕی، لە ساڵ 2010 لیڤەرپوولییان کڕییەوە و لە ساڵی 2021یش یانەی پیتسبوڕ پێنگوینسی کڕیەوە، جیا لە وەبەرهێنان لە یارییەکانی گۆڵف، ناسکار و کۆمپانیاکانی پەخشی تەلەڤزیۆنی.

خێتافی 12 کیلۆمەتر لە باشووری سەنتەری مەدرید، پایتەختی ئیسپانیا دوورە. یانەکە دووجار گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامی ئیسپانیا و باشترین پلەی لالیگاشیان لە ساڵی 2019 بوو، کاتێک پلەی پێنجەمییان بەدەستهێنا.

خێتافی سێجار گەیشتووەتە یۆرۆپالیگ و وەرزی رابردوو پلەی 13ی بەدەستهێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button