
یاریگا –
سکاڵایەکی دیکە لەسەر یانەی هەولێر تۆمارکرا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بانگهێشتی نوێنەری یانەکەی پایتەختی کردووە بۆ ئەوەی لە بەغدا ئامادە بێت.
لێژنەی کاروباری یاریزانان لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رایگەیاندووە، داوا لە نوێنەری یانەی هەولێر دەکەین رۆژی پێنجشەممە (31ـی تەممووز/یۆلیۆی 2025) کاتژمێر 10:30ـی بەیانی لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێ لە بەغدا ئامادە بێت، بۆ ئەوەی لەبارەی ئەو سکاڵایەی حوسێن جولی گۆڵپارێزی یانەکە لەسەر هەولێری تۆمارکردووە، روونکردنەوە بدات.
پێشتر تۆڕی وەرزشی یاریگا بڵاویکردبووەوە، لەلایەن یاریزانانی پێشووی یانەکە سێ سکاڵا لەسەر هەولێر تۆمارکراون، دوو یاریزان لە فیفا سکاڵایان لەسەر یانەکە تۆمارکردووە و یاریزانێکیش لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق سکاڵایان لەسەر یانەکەی قەڵاومنارە تۆمار کردووە.
حوسێن جولی (23 ساڵان) چوار رۆژ لەمەوبەر بەفەرمی لە هەولێرەوە روویکردە ریزەکانی نەفت و ئەو یانەیە بەفەرمی گواستنەوەی گۆڵپارێزەکەی هەولێری بۆ ریزەکانی راگەیاند.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەی هەولێر نزیکەی 700 ملیۆن دینار شایستە داراییەکانی وەرزی رابردووی یاریزانەکانی نەداوە و تاوەکو ئێستا یانەکە دەستی بە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ نەکردووە.