دوو یانەی سێریا ئەی چاودێری نونێز دەکەن
پێدەچێت ئیزاک زۆر لە لیڤەرپوول نزیکبێت

یاریگا –
بەگوێرەی دوایین ئاماژەکانی نێو لیڤەرپوول بێت، پێناچێت داروین نونێز لە یانەکە بمێنێتەوە.
پێشتر نونێز لەلایەن ناپۆلی داواکرابوو، بەڵام یانە ئیتاڵییەکە بە گواستنەوەی لۆرێنزۆ لوکا لە یودینێزییەوە، کەیسی گواستنەوەی نونێز بەتەواوی داخست.
تۆری هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، میلان و یوڤێنتوس بەدوای هێرشبەرێکدا دەگەڕێن و نونێز یەکێکە لە بژاردەکانی سەرەکی هەردوو یانە ئیتاڵییەکە.
دۆخی هێرشبەری 26 ساڵان لە لیڤەرپوول جێگیر نییە و دوای زیادبوونی دەنگۆکانی گواستنەوەی ئالێکساندەر ئیزاک لە نیوکاسڵەوە، هیوای مانەوەی نونێز زۆر کەمبووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕەکە بێت، تاوەکو ئێستا یانە ئیتاڵییەکان پەیوەندیان بە یاریزانەکە نەکردووە، بەڵام لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکەی دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە، یانەکانی سعوودیە بژاردەیەکی بەردەوامی نونێزن و نەسڕ یەکێکە لە دیارترین یانە گرنگیپێدەرەکان.