دوو یانەی پرێمەرلیگ لە گواستنەوەی کۆلۆ موانی پاشگەز دەبنەوە
تاوەکوو ئێستا چارەنووسی دیار نییە!

یاریگا –
پێدەچێت هێشتا یانەی داهاتووی راندال کۆلۆ موانی دیار نەبێت.
پاریس سانجێرمان ئارەزووی گەڕاندنەوەی هێرشبەرەکەی ناکات کە وەرزی رابردوو بە خواستن پێشکەشی یوڤێنتوسی کردبوو و ESPN ئاماژەی بەوە کردووە کە چێڵسی و ئارسیناڵیش لە گواستنەوەی ئەو یاریزانە پاشگەز بوونەتەوە. بەڵام دەگوترێت مانچێستەر یونایتد چاوی لەسەر تواناکانی هێرشبەرە تەمەن 26 ساڵەکەیە و هەروەها ئۆلی واتکینسی یاریزانی ئەستۆن ڤێلا و دوسان ڤلاهۆڤیچی یاریزانی یوڤێنتوسیش لە لیستەکەیاندا هەیە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەگەر یونایتد هێرشبەرێک بگوازێتەوە، ئەوا دەبێت دەستبەرداری هێرشبەرێکی ببێت. پاریس سانجێرمانیش بۆ دەستبەرداربوونی کۆلۆموانی داوای نزیکەی 50 ملیۆن یۆرۆ دەکات، کە لە ساڵی 2023 بە بڕی 75 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی پێیانەوە کرد، بەڵام رەنگە سەرەتا بە خواستن رازی بێت لەگەڵ بڕگەی کڕینی هەمیشەیی.
شەیتانە سوورەکان دوای دوو وەرزی یەک لە دوای یەک ژمارەی گۆڵکردنیان کەمتر بووە لەو گۆڵانەی لێیان کراوە، ئەوا دەرخەری ئەوەیە پێویستیان بەوەیە هێڵی هێرشبەریان بەهێزتر بکەن، بەڵام گواستنەوەی کۆلۆموانی بابەتێکی تەواو جیاوازە و بەندە بەو بارودۆخەی کە بۆ هەردوو یانە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا سەرهەڵدەدات.