گرنگترینمۆندیالی یانەکان

هەموو شتێک بزانە؛ ململانێیەکی گەورە لە نێوان فیفا و فیفپڕۆ دروستبووە

ناکۆکییەکانی نێوان فیفا و فێدراسیۆنی یاریزانانی پیشەگەری نێودەوڵەتی دەگاتە لووتکە؛ کێ لە بەرژەوەندی یاریزانان کار دەکات؟

Yariga App

یاریگا –

فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ هێرشێکی توند دەکاتە سەر فێدراسیۆنی یاریزانانی پیشەگەری نێودەوڵەتی ‘فیفپڕۆ – FIFPro’.

گرژییەکانی نێوان هەردوو فێدراسیۆنەکە گەیشتووەتە لووتکە، فیفا تۆمەتی جیاواز دەخاتە پاڵ فیفپڕۆ و ‘بەزۆرسەندن’ و نەبوونی شەفافیەتی دارایی تۆمەتباری دەکات.

پێنجشەممەی رابردوو، سێرجیۆ مارکی، سەرۆکی نوێی فێدراسیۆنی یاریزانانی پیشەگەری نێودەوڵەتی بە تۆڕی ئاتلێتیکی راگەیاند؛ ‘خۆسەپێنی’ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم فێدراسیۆنەکەی.

دوای کۆبوونەوەی فیفپڕۆ لەگەڵ 58 یەکێتیی تایبەت بە یاریزانان لە هۆڵەندا، فیفپڕۆ بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە و فیفای بە زەوتکردنی مافەکانی یاریزانانی بەشێوەیەکی مەترسیدار تۆمەتبارکرد. فیفپڕۆ دەڵێت؛

فیفا لەڕێگەی سیستمێکی دیاریکراوی کارگێڕی، ئەجێنداکانی سەپاندووە.

درەنگانی شەوی رابردووی (هەینی) فیفا بە بەیاننامەیەک وەڵامی فیفپڕۆی دایەوە و رایگەیاند؛

فیفپڕۆ رێچکەی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی لەگەڵ فیفا گرتووەتەبەر، ئەمەش بە پاڵنەری بەرژەوەندی نێوان خۆیان و چەند لایەنێکی دیکەیە.

ئامانجی فیفپڕۆ پاراستنی بەرژەوەندی و پێگەکەیەتی و هیچ گرنگی بە پاراستنی خۆشگوزەرانی یاریزانان نادات.

بەبڵاوکردنەوەی ئەم دوو بەیاننامەیە و ئاڵوگۆڕکردنی تۆمەتەکان، پەیوەندییەکانی نێوان فیفا و فیفپڕۆ بۆ خراپترین ئاست دابەزیوە. هەردوو فێدراسیۆنەکە لەسەر چەندین بابەت ناکۆکن، لەوانە بابەتەکانی سپۆنسەریکردنی یاریزانان و خشتەی یارییەکان.

لە سەرەتای ئەم مانگە، فیفا کۆبوونەوەیەکی فراوانی بۆ دەستنیشانکردنی ماوەی پشوودانی یاریزانانی کرد، بەڵام فیفپڕۆی بانگهێشتی کۆبوونەوەکە نەکرد، هەرچەندە فیفپڕۆ، یەکێکە لەو دیارترین فێدراسیۆنەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی یاریزانان.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەی فیفادا هاتووە؛

لەبەر ئەوەی فیفپڕۆ گرنگی بە چارەسەرکردنی کێشەکانی وەکو حکومڕانی راستەقینەیە، دەبێ پێداچوونەوەیەکی جیددی لە بڵاوکردنەوەی سیستمەکانیدا بکات و ساڵانە بە شەفافی هەژمارەکانی دارایی بڵاوبکاتەوە.

دەمانەوێت لێرە زۆر روونبین، نابێ باسی شەفافیەت بکەیت و خۆت بە لێڵی کار بکەیت.

فیفا ئامادەیە دانوستاندنەکان لەگەڵ فیفپڕۆ دەستپێبکاتەوە بەڵام بەو مەرجەی؛ فیفپڕۆ ‘گێچەڵەکان’ی رابگرێت و تەواوی سکاڵاکانیان بکشێننەوە، هەروەها دەبێ راپۆرتەکانی دارایی خۆیان بە تەواوی سەرچاوەکانی دارایی و مافەکانی موڵکیەتی هزری بڵاوبکەنەوە.

فیفپڕۆ تەواوی هەژمارەکانی دارایی لە پێگەی KVKی بڵاودەکاتەوە، ئەو پێگەیە تایبەتە بە تۆماری گشتی کۆمپانیاکانی هۆڵەندا.

لەبەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، فیفا باسی لە نیازپاکی خۆی کرد، کاتێک لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالی یانەکان، لە نیویۆرک باسیان لە ماوەکانی پشووی یاریزانان کرد، هەرچەندە ئاتلێتیک لە سەرچاوەی ئاگادارەوە، رەتیدەکاتەوە هیچ نوێنەرێکی فیفپڕۆ ئامادەی کۆبوونەوەکە بووبێت، چونکە بانگهێشت نەکرابوون.

فیفا دووپاتیکردووەتەوە، پێویستە بەلانی کەمەوە 72 کاتژمێر لە نێوان یارییەکاندا هەبن، هەروەها لەدوای کۆتاییهاتنی وەرز، هەر یاریزانێک ماوەی 21 رۆژ پشوو وەربگرێت، کەچی فیفپڕۆ داوای 28 رۆژ وەکو پشووی دوای کۆتاییهاتنی وەرز لە فیفا دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button