لاپۆرت دەیەوێت نەسڕ جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە وڵاتەکەی

ئێمیریک لاپۆرت بەرگریکاری نەسڕی سعوودی و هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەیەوێت رۆناڵدۆ و تیمەکەی جێبهێڵێت و بگەڕێتەوە لالیگا.
لاپۆرت یەکێک بوو لە یاریزانە پێشەنگەکان کە پەیوەندی بە خولی سعوودییەوە کرد لە پاڵ رۆناڵدۆ، بەڵام بەگوێرەی کادینا سێر ناوبراو لە پلانەکانی خۆرخی خیسوسی راهێنەردا نیە.
لاپۆرت تەمەنی گەیشتووەتە 31 ساڵ و بەگووتەی سەرچاوەکە شێوازی یاریکردنیی لەگەڵ ستایلی خیسوس ناگونجێت. ئەمە تەنها بۆ لاپۆرت نیە و هاوکات ئۆتاڤیۆی پۆرتوگالیش یاریزانێکی دیکەیە کە پێی راگەیەندراوە دەتوانێت یانەیەکی تازە بدۆزێتەوە.
کادینا سێر دەڵێت، یانەی ئەتلەتیک بلباوی ئیسپانی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەو یاریزانە، بەڵام هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتای دانیشتنەکاندان.
نەسڕ، لە ئێستاوە جێگرەوەی لاپۆرتی گواستۆتەوە و داڤید هانکۆی سلۆڤاکی بە 33 ملیۆن یۆرۆ لە فێینۆردەوە گواستۆتەوە ریزەکانیی. هانکۆ تەمەن 27 ساڵە و گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی 2028 ـە.
چاوەڕواندەکرێت نەسڕ یاریزانی زیاتر بگوازێتەوە ریزەکانیی لە میانەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا.