خەریکە ئارسیناڵ لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ سپۆرتینگ دەکشێتەوە و یۆکێرێشیش یاخی دەبێت
دوایین پەرەسەندن لەبارەی چوونی یۆکێرێش بۆ ئارسیناڵ

یاریگا –
خەریکە خەریکە ئارسیناڵ لە دانوستاندنەکانی لەگەڵ سپۆرتینگ بکشێتەوە و یۆکێرێشیش لە یانەکەی یاخی دەبێت و ئامادە نییە سبەی لە پۆرتوگاڵ دەست بە راهێنانەکانی بکاتەوە.
رۆژنامەی A Bolaـی پۆرتوگاڵی ئاشکرایکردووە، خەریکە ئارسیناڵ لە دانوستاندنەکانی بۆ گواستنەوەی ڤیکتۆر یۆکێرێش هێرشبەری سویدی سپۆرتینگ لیسبۆن دەکشێتەوە، چونکە یانە ئینگلیزییەکە خەریکە بێ هیوا دەبێت و یانە پۆرتوگاڵییەکە ئامادە نییە هیچ نەرمییەک بنوێنێت.
رۆژنامە پۆرتوگاڵییەکە راشیگەیاندووە، ئاندریا بێرتا بەڕێوەبەری وەرزشی ئارسیناڵ رۆژی هەینی رابردوو گەیشتە پۆرتوگاڵ و تاوەکو رۆژی دووشەممە لە پۆرتوگاڵ مایەوە، کەچی بە دەست بەتاڵی گەڕاوەتەوە لەندەن و لەوەتەی دووشەممەوە هیچ بەرەوپێشچوونێک لەبارەی چوونی یۆکێرێش بۆ ریزەکانی گەنەرز نییە.
Gyokeres: Sporting intransigente… colapso iminente
Leia aqui: https://t.co/JzzL1THhVz#futebol #nacional #sporting #liga #viktorgyokeres #arsenal #premierleague
— A BOLA (@abolapt) July 10, 2025
ناکۆکی نێوان ئارسیناڵ و سپۆرتینگ گەورە نییە، یانە لەندەنییەکە ئامادەیە 80 ملیۆن یۆرۆ بە سپۆرتینگ بدات، بەڵام ئارسیناڵ دەڵێت 65 ملیۆن یۆرۆ وەکو بڕێکی جێگیر لە گرێبەستەکەی دەدرێت و 15 ملیۆن یۆرۆش بەگوێرەی ئاست و دەستکەوتەکانی یۆکێرێش لە گەنەرز دەدرێن، بەڵام سپۆرتینگ لەسەر وردەکارییەکانی ئەو 15 ملیۆن یۆرۆیە ناڕازییە.
رۆژنامە پۆرتوگاڵییەکە راشیگەیاندووە، یۆکێرێش سوورە لەسەر ئەوەی لەم هاوینە گرێبەست لەگەڵ ئارسیناڵ واژۆ بکات، تەنانەت لە مووچەی سالانەی خۆی کە ئارسیناڵ پێشکەشی کردبوو، دوو ملیۆن یۆرۆی بەخشیوە بەس بۆ ئەوەی هەردوو یانەکە رێکبکەون.
سبەی وادەی گەڕانەوەی یۆکێرێشە بۆ راهێنانەکانی سپۆرتینگ لیسبۆن کە چەند رۆژێکە ئەو یانەیە دەستی بە راهێنانەکان کردووەتەوە، بەڵام هێرشبەرە 27 ساڵانەکە هێشتا ئامادە نییە بگەڕێتەوە یانەکەی و یاخی بووە، رەتیدەکاتەوە سبەی بگەڕێتەوە پۆرتوگاڵ و دەیەوێت راستەوخۆ بچێتە لەندەن و لەگەڵ ئەو یانەیە دەست بە راهێنان بکات.