نهێنییەکی گەورە ئاشکرابوو؛ تێباس رێگری لە چوونی نیکۆ ویڵیامس بۆ بارسێلۆنا کردووە
زانیاری و ئاماری لەبارەی دۆخی دارایی بە سەرۆکی ئاتلێتیک بیلباو داوە

یاریگا –
میدیاکانی ئیسپانیا نهێنییەکی گەورەی شکستهێنانی چوونی نیکۆ ویڵیامسیان بۆ بارسێلۆنا ئاشکراکردووە، کە سەرەتای ئەم مانگە لەجیاتی ئەوەی بچێتە ریزەکانی بلاوگرانا، گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاتلێتیک بیلباو نوێکردەوە.
میگێل گالان شارەزای یاساکانی لالیگا و تۆپی پێی ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، خاڤیێر تێباس سەرۆکی کۆمەڵەی لالیگا بە نهێنی بووەتە هۆی ئەوەی نیکۆ ویڵیامس لە چوونی بۆ بارسێلۆنا پەشیمان بێتەوە و گرێبەستەکەی لەگەڵ ئاتلێتیک بیلباو نوێبکاتەوە.
📺 DIRECTO @JijantesFC
🚨 @MiguelGalanCNFE: “Javier Tebas le dijo al Athletic Club que el Barça no estaba en el 1:1 y no podían inscribir, enseñando las conclusiones de su auditor”
📣 “¿Sería legítimo que mañana el Barça se reuniera con Tebas para saber información del Real… pic.twitter.com/344w1r1XFh
— Jijantes FC (@JijantesFC) July 8, 2025
گالان ئاشکرایکردووە، خاڤیێر تێباس لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆن ئوریاتی ئاتلێتیک بیلباو زانیاری و ئاماری وردی لەبارەی دۆخی دارایی بارسێلۆنا بەو یانە باسکییە داوە و ئەوانیش ئامار و زانیارییەکانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی نیکۆ ویڵیامس تێبگەیەنن بارسێلۆنا ناتوانێت بەهۆی یاسای دارایی خاوێنەوە ناوی تۆمار بکات، ئەم زانیارییە دزەپێکراوانەش بوونە هۆی ئەوەی ویڵیامس تاوەکو 2035 گرێبەستەکەی لەگەڵ بیلباو نوێبکاتەوە.
پسپۆەرەکەی یاساکانی لالیگا راشیگەیاندووە، تێباس بە سەرۆکی بیلباوی گوتووە بارسێلۆنا هێشتا نەگەڕاوەتەوە هاوکێشەی 1:1 بۆیە ناتوانێت ناوی نیکۆ ویڵیامس تۆمار بکات، ئەویش زانیارییەکانی هێندەی دیکە گەورە کردووە و زیاتر بەلاڕێیدا بردوون و پێشکەشی نیکۆی کردووە، بۆ ئەوەی پەشیمان بێتەوە و نەچێتە بارسێلۆنا.
لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەری کارەکانی نیکۆ گومانی لەلا دروستبووە بارسێلۆنا نەتوانێت ناوی ویڵیامس تۆمار بکات، داوایکردووە لە گرێبەستەکەیان مەرجێک جێگیر بکرێت، ئەگەر تاوەکو رۆژی 20ـی ئەم مانگە بارسا نەیتوانی ناوی نیکۆ تۆمار بکات، یاریزانە ئیسپانییەکە بتوانێت تاکلایانە گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام بارسێلۆنا بەم مەرجە رازی نەبووە.
رۆژی 1ـی ئەم مانگە تێباس لەبارەی دەنگۆی چوونی نیکۆ بۆ بارسێلۆنا گوتبووی ‘بارسێلۆنا ناتوانێت ناوی نیکۆ تۆمار بکات’، دوای چوار رۆژ نیکۆ ویڵیامس گرێبەستەکەی لەگەڵ بیلباو نوێکردەوە.
پێشتر مگێل گالان گوتبووی، ئەگەر پشتڕاست بکرێتەوە تێباس زانیاری و ئاماری لەبارەی دۆخی دارایی بارسێلۆنا بە بیلباو داوە، ئەوا تێباس لە سەرۆکایەتی کۆمەڵەی لالیگا دوور دەخرێتەوە، چونکە ئەم کارەی بە سەرپێچی یاسایی هەژمار دەکرێت.