
یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ، هێرشبەری فەڕەنسی ریال مەدرید، جاریکی دیکە ناوی خۆی لە کتێبی ریکۆردەکانی ریال مەدرید بە تۆمارکردنی گۆڵ بەرامبەر بە بروسیا دۆرتمۆند لە جامی جیهانی یانەکاندا نوسییەوە.
ئەستێرە فەڕەنسییەکە بووە یەکەم یاریزان لە مێژووی یانەکە کە لە یەک وەرزدا لە حەفت پاڵەوانیەتی جیاوازدا گۆڵ تۆمار بکات. ئێمباپێ تا ئێستا لە جامی سوپەری ئەوروپا، لالیگا، چامپیۆنزلیگ، جامی کیشوەرەکان، جامی سوپەری ئیسپانیا، جامی شا و ئێستاش جامی جیهانی یانەکانی گۆڵی کردووە.
تاکە یاریزان لە مێژووی یانەکەدا کە لەم ئامارە نزیک بووبێتەوە کەریم بێنزێمایە. هێرشبەرە فەرەنسیەکە، دووەم گۆڵکاری ریال مەدرید، لە وەرزی 2022/2023 توانی لە شەش رکابەریی جیاوازدا گۆڵ تۆمار بکات. بەڵام ئێمباپێ توانی هاونیشتیمانەکەی تێپەڕێنێت و لە مێژووی یانەکەدا بێتە یەکەم یاریزان ئەم ژمارە پێوانەییە بە ناوی خۆیەوە بکات.
پێدەچێت گۆڵە ریکۆرد شکێنەکەی ئێمباپێ بەرامبەر دۆرتمۆند باشترین گۆڵ بووبێت کە تا ئێستا بۆ مەدرید تۆماری کردبێت؛ بەم گۆڵە هەم یانەکەی بۆ قۆناخی پێش کۆتایی سەرخست هەم بۆ یەکەمینجار رووبەڕووی یانەکەی پێشووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە.
ئاماری گۆڵەکانی ئێمباپێ لە وەرزە درەوشاوەکەی لەگەڵ ریال مەدرید بەگوێڕەی رکابەرییەکان:
لالیگا: 31 گۆڵ
چامپیۆنزلیگ: 7 گۆڵ
جامی شای ئیسپانیا 2 گۆڵ
جامی سوپەری ئیسپانیا: 1 گۆڵ
جامی سوپەری ئەوروپا: 1 گۆڵ
جامی کیشوەرەکان: 1 گۆڵ
جامی جیهانی یانەکان: 1 گۆڵ
ئێستا کیلیان بە تۆمارکردنی 44 گۆڵ لەم وەرزەدا ئامارەکانی لەگەڵ هاونیشتمانییەکەی کەریم بێنزێما یەکسان کردەوە. ئەو لەگەڵ بێنزێما تاکە یاریزانی فەڕەنسین لە مێژوودا کە لە یەک وەرزدا 44 گۆڵ بۆ یانەیەک لە یەکێک لە چوار خولە گەورەکەی ئەوروپا (لالیگا، پریمەرلیگ، بۆندسلیگا و سێریا ئەی) تۆمار بکەن. بێنزێما لە وەرزی 2021/2022 ئەم ریکۆردەی بەدەستهێنا.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی یارییە گرنگەکەی مۆندیالی یانەکان بەرامبەر پاریس سانجێرمان، ئێمابپێ دەرفەتی ئەوەی هەیە بە تۆمارکردنی گۆڵێک بەرامبەر بە تیپی پێشووی بێنزیما تێپەڕێنێت و یەکەم وەرزی لە ریال مەدرید بکاتە باشترین وەرزی یاریزانێکی فەرەنسی لە مێژووی یانەکاندا.