دوایین پەرەسەندن؛ دوو گەورەی ئینگلتەرا داوای بۆتان ئەمین دەکەن
بۆتان ئەمین دەیەوێت هەنگاوێکی گەورە بنێت و سویندن تاون دەستبەرداری نابێت

یاریگا –
یانەی سویندن تاونی ئینگلیزی، ئامادەنییە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری بۆتان ئەمین، ئەستێرەی کوردی یانەکەی ببێت.
بۆتان یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی خولی پلەچواری ئینگلتەرا و لە ماوەی رابردوودا، بەردەوام لە ژێر مایکرۆسکۆبی یانەکانی ئینگلتەرا بووە.
یان هۆڵۆوای، راهێنەری سویندن تاون دووپاتیدەکاتەوە، یانەکانی نۆرویچ سیتی و شێفیڵد یونایتد ئۆفەری فەرمیان بۆ گواستنەوەی بۆتان پێشکەشکردووە، بەڵام سویندن تاون ئۆفەرەکانی رەتکردووەتەوە.
پێگەی موون رەیکەر بڵاویکردووەتەوە، جیا لە دوو ئۆفەرە فەرمییەکە، چەند یانەیەکی پرێمەرلیگ و چامپیۆنشیپ، چاودێری ئەستێرە کوردەکەی سویندن تاون دەکەن، بەڵام هیچ ئۆفەرێکی فەرمیان پێشکەش نەکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگە بەریتانییەکە بێت، بۆتان ئەمین بە یانەکەی گوتووە، دەیەوێت گوێ لە ئۆفەرەکان بگیرێت و ئامادەیە کاروانی وەرزشی لە یانەیەکی دیکە دەستپێبکات.
نۆرویچ سیتی و شێفیڵد یونایتد بەشداری لە چامپیۆنشیپ (پلەدووی ئینگلتەرا) دەکەن و گواستنەوەی بۆتان ئەمین بۆ یەکێک لەم دوو یانەیە، هەنگاوێکی گەورەی کاروانی پیشەیی دەبێت.
بۆتان ئەمین کێیە؟
بۆتان ئەمین (لەدایکبووی 24ـی ئەپریل/نیسانی ساڵی 2007) هێرشبەری سویندن تاونی ئینگلیزییە.
وەرزی رابردوو بۆتان لە جامی لاوانی یەکێتیی ئینگلتەرا هەمووانی سەرسام کرد، لەگەڵ سویندن تاون لە سێ یاریدا چوار گۆڵی کرد. لە قۆناخی سێیەم بەرامبەر لوتن تاون یاریی کرد، دواتر لە قۆناخی چوارەم بەرامبەر مانچێستەر یونایتد هەردوو گۆڵی یارییەکەی کرد و ئەو دووانەیە بووە هۆی ئەوەی سەرنجی هەموو ئینگلتەرا رابکێشێت، لە قۆناخی پێنجەم ئەو کوڕە کوردە رۆڵی یەکلاییکەرەوەی لە بردنەوەی سویندن هەبوو کاتێک 2-1 لە سەندرلاندیان بردەوە، بۆتان گۆڵی سەرکەوتنی لە یارییەکە کرد.
پێشتر رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ئاشکرایکردبوو، یانەکانی مانچێستەر یونایتد و وۆڵڤز چاودێری بۆتان ئەمین هێرشبەری لاوی یانەی سویندن تاونی ئینگلیزی دەکەن.