فەرمی؛ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بڕیارە مێژوویەکەی دا
گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعووی نوێکردەوە

یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەفەرمی بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی نەسڕ نوێکردەوە و لەو یانە سعوودیە بەردەوام دەبێت.
یانەی نەسڕی سعوودی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس وەکو هێمایەک بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێرشبەری پۆرتوگاڵی یانەکەی رایگەیاندووە :’چیرۆکەکە لەگەڵ سەرکردە مێژووییەکەی نەسڕ بەردەوام دەبێت’.
القصـة تستمـر مع قائد النصر التاريخي …#النصر_إلى_الابد 💛 pic.twitter.com/NAVRJTvLEn
— نادي النصر السعودي (@AlNassrFC) June 26, 2025
کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەم هاوینە گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ کۆتایی دەهات و دەنگۆ هەبوو ریزەکانی ئەو یانەیە بەجێبهێڵێت، کە لەوەتەی سەرەتای ساڵی 2023 درێسی ئەو یانە سعوودیە دەپۆشێت و لە 105 یاری 93 گۆڵ و 19 ئەسیستی بە درێسی ئەو یانەیە کردووە.
لەم هاوینە یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی ئۆفەری پێشکەشی کریستیانۆ رۆناڵدۆ کردبوو، بۆ ئەوەی لەپێناوی بەشداریکردنی لە مۆندیالی یانەکان دۆن بگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام کریس لە لێدوانی فەرمی دووپاتیکردەوە ئۆفەرەکەی رەتکردووەتەوە و مانەوەی لە نەسڕ هەڵبژاردووە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ وێنەیەکی خۆی لەدوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی :’با بەیەکەوە مێژوو بنووسینەوە’.
A new chapter begins. Same passion, same dream. Let’s make history together. 🟡🔵 pic.twitter.com/JRwwjEcSZR
— Cristiano Ronaldo (@Cristiano) June 26, 2025
هێرشبەرە 40 ساڵانەکە بۆ ماوەی دوو ساڵ تاوەکو هاوینی 2027 گرێبەستەکەی لەگەڵ نەسڕ نوێکردەوە و بەمەش تاوەکو مۆندیالی 2026 درێسی یانە زەردپۆشەکە دەپۆشێت، کە دۆن بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت تاوەکو مۆندیالی داهاتوو لە یاریکردن بەردەوام بێت.