بریکارەکەی یۆرگن کڵۆپ جارێکی دیکە وەڵامی دەنگۆکان دەداتەوە
کڵۆپ دەچێتە سعوودییە؟

یاریگا –
مارک کۆسیکە، بریکاری راهێنەری ئەڵمانی یۆرگن کڵۆپ، کە ئێستا سەرۆکی بەشی تۆپی پێی جیهانییە لە کۆمپانیای رێد بوڵ، جارێکی دیکە وەڵامی ئەو دەنگۆکان دەداتەوە.
کۆسیکە پێشتریش ئەو هەواڵانەی رەتکردبووەوە کە باسیان لەوە دەکرد کڵۆپ رازی بووە راهێنەرایەتیکردنی ئیتیحاد بگرێتە دەست و بە تۆڕی winwinـی راگەیاندبوو، کە ئەم راهێنەرە ئەمساڵ سەرپەرشتیی پڵنگەکان ناکات. لێدوانەکانی ئەو بە شێوەیەکی بەرفراوان لە لایەن رۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییە گەورەکانەوە گواسترابوونەوە، لەوانەش رۆژنامەنووسی ئیتاڵی، فابریزیۆ رۆمانۆ.
بەڵام لە چەند کاتژمێری رابردوودا هەواڵی نوێ دەرکەوتن و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە دانوستانەکانی نێوان کڵۆپ و ئیتیحاد دەستیان پێکردووەتەوە و راهێنەرە ئەڵمانییەکە ئامادەیە لە سعوودیە کار بکات.
بۆمبی نوێی بازاڕی گواستنەوە؛ یۆرگن کلۆپ نزیکە پەیوەندی بە خولی سعوودییەوە بکات
بریکارەکەی کلۆپ جارێکی دیکە دەنگۆکانی ئیتیحاد رەتدەکاتەوە
کۆسیکە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕەکە گوتی:
من لەم هەموو قسە پڕوپووچانە بێزار بووم. هەموو شتێک لەمبارەیەوە بێزارکەرە و ئەو بانگەشانە بە سادەیی قسەی بێمانان.
کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا دەرفەت هەیە کڵۆپ پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشی، بەڕێوەبەری تەکنیکی، یان هەر رۆڵێکی کارگێڕیی دیکە لە یانەکەدا بگرێتە دەست، کۆسیکێ لە وەڵامدا گوتی: “نەخێر، ئەستەمە.”
کڵۆپ لە ساڵی 2015 تاوەکوو هاوینی 2024 راهێنەری لیڤەرپوول بوو و یانەکەی بەرەو چەندین نازناو برد، لەوانەش پرێمەرلیگ و چامپیۆنزلیگ. پێش لیڤەرپوول، ئەو راهێنەرایەتی ماینز و بۆرووسیا دۆرتومەندی لە ئەڵمانیا کردبوو.

دوای جێهێشتنی لیڤەرپوول، کڵۆپ بوو بە سەرۆکی بەشی تۆپی پێی جیهانیی لە کۆمپانیای رێد بوڵ. بریکارەکەی پێشتر راگەیاندبوو کە کڵۆپ لەو پێگەیەدا دڵخۆشە و تەنیا لە حاڵەتێکدا بیر لە گەڕانەوە بۆ راهێنەرایەتی دەکاتەوە ئەگەر بۆ تیمی نیشتمانیی ئەڵمانیا بێت.
راهێنەرەکەی پێشووی لیڤەرپوول لەم حوزەیرانەدا تەمەنی دەبێتە 59 ساڵ و گرێبەستەکەی لەگەڵ رێد بوڵ تاوەکوو هاوینی 2029 بەردەوام دەبێت.



