
یاریگا –
دوای ئەو زانیارییە بەپەلە و دەنگۆ گەورانەی کە لە چەند کاتژمێری رابردوو سەبارەت بە گرنگیدانی ریال مەدرید بە خولیان ئالڤارێز بڵاوبوونەوە، بەرەی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە بێدەنگییان شکاند.
فێرناندۆ هیدالگۆ، بریکاری کارەکانی هێرشبەرەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئاوێکی ساردی بەسەر پەرۆشیی هاندەرانی لۆس بلانکۆسدا کرد و سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە.
هیدالگۆ لە لێدوانێکی خێرا بۆ رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتێڤۆ سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی یاریزانەکەی بۆ بێرنابیۆ رایگەیاند؛
ریال مەدرید؟ هیچ کەسێک لەم بارەیەوە پەیوەندی پێوە نەکردووین، ئێمە هیچ زانیارییەکمان لەسەر ئەم بابەتە نییە و شتی وا نەبووە.
ئەم لێدوانە توندەی بریکاری ئالڤارێز هێمایە بۆ ئەوەی کە ئەگەر ریال مەدرید و فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرسامیش بن بە یاریزانەکە، هێشتا هیچ هەنگاوێکی فەرمی بەرامبەر خودی یاریزانەکە و بریکارەکانی نەناوە.

ئەمەش دەریدەخات کە پڕۆسەی گواستنەوەی ئەم ئەستێرە 26 ساڵانە هێشتا تەنیا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەی کارگێڕیی مەدریددایە و بەو ئاسانییە سەرناگرێت، بەتایبەت کە رۆخی بلانکۆس داوای 150 ملیۆن یۆرۆ دەکات.



