هیلال بە مەرج ئۆفەرێکی خەیاڵی پێشکەشی فێرناندێس کردووە
گفتوگۆکان دەستیانپێکردووە و یانە سعوودییەکە چاوەڕێی وەڵامە، بەڵام مەرجێکی قورسی داناوە

یاریگا –
هیلالی سعوودی بە مەرج ئۆفەرێکی گرانبەهای پێشکەشی بڕونۆ فێرناندێس کردووە.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵ بڵاویکردووەتەوە، هیلال ئۆفەرێکی سەرنجڕاکێشی خستووەتە بەردەم بڕونۆ فێرناندێس، ئەستێرەی مانچێستەر یونایتد و چاوەڕێی وەڵامێکی خێرایە.
هیلال ئامادەیە مووچەی هەفتانەی فێرناندێس لە 280 هەزار پاوەند بکاتە 700 هەزار پاوەند و گرێبەستێک بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە واژۆ بکات. کۆی گشتی گرێبەستەکە دەگاتە 200 ملیۆن پاوەند.
یانە سعوودییەکە مەرجێکی بۆ گرێبەستەکە هەیە؛ پێویستە فێرناندێس لە ماوەی 72 کاتژمێردا وەڵامی کۆتایی هیلال بداتەوە.
کاپتنی مان یونایتد ئێستا لەگەڵ یانەکەی گەشتی مالیزیای کردووە، شەیتانە سوورەکان بەگوێرەی چەند گرێبەستێکی بازرگانی، چەند یارییەکی دۆستانە لە مالیزیا و هۆنگ کۆنگ دەکەن.
ئەگەر فێرناندێس بە ئۆفەرەکە رازیبێت، ئەوا هیلال دەستبەجێ ئۆفەرێک بەبڕی 100 ملیۆن پاوەند پێشکەشی مان یونایتد دەکات و فێرناندێس دەگوازێتەوە.
Bruno Fernandes given 72 HOURS to decide whether to quit Man United for £200m Al-Hilal deal – as Saudi side give star ‘take it or leave it offer’ https://t.co/I9RZIjY4nk
— Mail Sport (@MailSport) May 27, 2025
هیلال بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکات و دەیەوێت بەزووترین کات، ریزەکانی بە چەند ئەستێرەیەک تۆکمە بکات.