بەدواداچوون؛ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بەشداری مۆندیالی یانەکان دەکات؟
ئەستێرەیەکی مەغریبی وردکاری نوێ ئاشکرا دەکات

یاریگا –
دەنگۆکانی بەشداریکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە مۆندیالی یانەکانی 2025 زۆربوون و چەند سەرچاوەیەک نزیکبوونەوەی لە یانەیەکی بەشدار پشتڕاست دەکەنەوە.
نورەدین ئەمڕابت، ئەستێرەی مەغریبی خەریکەی یانەی هووڵ سیتی ئینگلیزی جێدەهێڵێت و بۆ مۆندیالی یانەکان پەیوەندی بە ویداد کاسابلانکای مەغریبی دەکات.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی دێ تێلێگرافی هۆڵەندی باسی ئەگەرەکانی پەیوەندیکردنی رۆناڵدۆی بە یانە مەغریبییەکە کرد.
گرێبەستی رۆناڵدۆ لە کۆتایی مانگی یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوو بەسەردەچێت و مۆندیالی یانەکان لە 13ی هەمان مانگ دەستپێدەکات، بەمەش هەر یانەیەک خواستی گواستنەوەی رۆناڵدۆی هەبێت، دەبێ مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدات.
ئەمڕابت لەبارەی پەیوەندیکردنی رۆناڵدۆ بە کازابلانکا دەڵێت؛
سەرۆکی یانەکە زۆر حەز دەکات و کار لەسەر گواستنەوەی ناوە گەورەکان دەکات. کریستیانۆ رۆناڵدۆ یەکێکە لە بەربژێرەکان.
نەسڕ سبەی دووشەممە دوا یاریی ئەم وەرزەی خولی رۆشنی سعوودی بەرامبەر فەتح دەکات و لەوانەیە دوا یاریی رۆناڵدۆ بێت لە نەسڕ.
فیفا چی دەڵێت؟
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی دووپاتیکردەوە، گفتوگۆ لەبارەی بەشداریکردنی رۆناڵدۆ لە مۆندیالی یانەکان بەردەوامە.
ئینفانتینۆ بەشداری پۆدکاستێکی سپید، یوتیوبەری بەناونابگدا کرد و روونیکردەوە؛
لەوانەیە رۆناڵدۆ یاریی بۆ یانەیەکی بەشدار لە مۆندیالی یانەکاندا بکات، گفتوگۆکان بەردەوامن.
بۆ کارئاسانی یانەکان، فیفا بڕیاریداوە لە 1ی یۆنیۆ/حوزەیران تاوەکو 10ی هەمان مانگ، دەرگای گواستنەوەی یاریزانان بکاتەوە، بۆ ئەوەی یانەکان توانای گواستنەوەی یاریزانی نوێیان بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکان ئاسان بکات.
براوەی پێنج خەڵاتی باڵۆن دۆر لە کۆتاییەکانی ساڵی 2022 مانچێستەر یونایتدی جێهێشت و پەیوەندی بە نەسڕی سعوودی کرد.