مارسیلیا ئامادەکاری بۆ دۆڕانی پاریس لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەکات
پۆلیس رێوشوێنی ئەمنی دەگرێتە بەر...

یاریگا –
پۆلیسی مارسیلیا لە ئامادەباشییەکی زۆردایە بۆ ئەگەری ئاهەنگگێڕانی ئەو شارە ئەگەر پاریس سانجێرمان لە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بدۆڕێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی، دەسەڵاتدارانی ناوخۆ رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
دەسەڵاتدارانی خۆجێیی ناوچەی بوش دورۆن کە مارسیلیا پایتەختی ئەو شوێنەیە، رێوشوێنی پێویستیان گرتەبەر بۆ یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ کە بڕیارە لە 31ی ئایار لە یاریگای ئەلیانز ئارێنا لە میونشن لە نێوان پاریس سانجێرمان و ئینتەرمیلان بەڕێوەبچێت. لەوەتەی پاریس سانجێرمان دوو هەفتە لەمەوبەر ئامادەبوونی خۆیان لە یاری کۆتاییدا پشتڕاستکردەوە، گفتوگۆ لەنێوان پۆلیسی مارسیلیا و بەرپرسانی ئەمنیدا دەستیپێکردووە سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ئاهەنگەکانی سەر شەقامەکان.
بەشی پۆلیس رۆژی چوارشەممە پشتڕاستی کردەوە کە ئەفسەرەکان ئەگەری ئاهەنگگێڕانیان لەسەر شەقامەکان دوای یاری کۆتایی دەستنیشان کردووە. بە تایبەتی دۆڕانی پاریس سانجێرمان دەتوانێت ببێتە هۆی نائارامی لە مارسیلیا، شارێک کە رکابەرییەکی مێژوویی لەگەڵ یانەکەی پایتەختی فەرەنسا هەیە.
لەمبارەیەوە پلانێکی تایبەتی ئەمنی داڕێژراوە، کە بەپێی ئەنجامی یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ کارا دەکرێت. بەشی پۆلیسی بۆکسبورگ رایگەیاند
“پلانێکی ئەمنی لەسەر شەقامەکان جێگیر دەکەین کە ئامادەبێت لەگەڵ هەر سیناریۆیەکدا بگونجێت”.
رکابەریی نێوان پاریس سانجێرمان و ئۆڵۆمپیک مارسیلیا ئەم یارییە ئەوروپییەی کردووە بە بابەتێکی زیاتر لە تەنیا وەرزشێک. شاری مارسیلیا بە دڵەڕاوکێیەوە چاوەڕێی ئەنجامی یاری کۆتایی دەکات، کە هەر تیپێک براوە بێت بە دڵنیاییەوە کاریگەرییەکی بەردەوامی دەبێت.