وادەی نەشتەرگەری و دوورکەوتنەوەی بێڵینگهام یەکلاییکرایەوە
ئەستێرە ئینگلیزییەکە بۆ ماوەیەکی درێژ دادەبرێت

یاریگا –
ریال مەدرید بڕیاری خۆی بۆ کەیسی نەشتەرگەرییەکەی جود بێڵینگهام یەکلاییکردەوە.
پێشتر تۆڕی رێلێڤۆ وادەی نەشتەرگەرییەکەی بێڵینگهامی ئاشکراکردبوو، بڕیارە لە دوای تەواوبوونی مۆندیالی یانەکان، دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ بکرێت و ئەوکات تۆڕە ئیسپانییەکە، باسی لە دوورکەوتنەوەی جود بۆ ماوەی تەنیا یەک مانگ کردبوو.
تۆڕی ئاتلێتیک لە زاری کەسانی شارەزای کەیسی تەندروستی بێڵینگهام بڵاویکردووەتەوە، نەشتەرگەرییەکە بێڵینگهام بۆ ماوەی نزیکەی 12 هەفتە (سێ مانگ) دووردەخاتەوە و پێشبینی دەکرێت، بەشداری لە دەستپێکی وەرزی داهاتووی لالیگا نەکات.
بێڵینگهام بەهۆی ئەو پێکانەی لە نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2023 لە یاریی بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ لە شانی تووشی بووە، زیاتر لە ساڵێک و نیوە بە شانی بەستراوەوە یاریی دەکات، بڕیاریداوە ئەم هاوینە نەشتەرگەریی بۆ شانی بکات.
بێڵینگهام لەوەتەی نۆڤێمبەری 2023ـەوە لە شانی تووشی پێکان بووە، لەوکاتەوە تا ئێستا بە شانی بەستراو یاریی دەکات و نەشتەرگەریی نەکردووە، کە ئەوکات بەهۆی پێکانەکەی 18 رۆژ لە یاریکردن دابڕا، ناوەڕاستکارە ئینگلیزییەکە لەوەتەی پەیوەندی بە ریال مەدرید کردووە سێ جار تووشی پێکان بووە.
بەرپرسانی باڵای ریال مەدرید لە ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو گەیشتنە ئەو بڕوایەی، بێڵینگهام بەبێ نەشتەرگەری بە تەواوی چاکنابێتەوە و ترسیان لە ریسک پێکردنی ئەستێرە ئینگلیزییەکە هەبوو.
بێڵینگهام نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت و مانگێک لە یاریگاکان دادەبڕێت
بەهۆی جەنجاڵی خشتەی یارییەکانی ئەم وەرزەی ریال مەدرید، هیچ دەرفەتێک بۆ نەشتەرگەرییەکەی جود نەبوو، چونکە پێویستی بە کاتێکی تەواوە تاوەکو چاکببێتەوە.
بڕیارە نەشتەرگەرییەکە لە هەمان ئەو نەخۆشخانەیەک بکرێت کە پێشتر فێرلاند مێدی، ئانتۆنیۆ رودیگەر و ئیدێر میلیتاو چارەسەرییان لێوەرگرتووە.
بێڵینگهام لەم وەرزەدا 51 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان لەگەڵ ریال مەدرید کردووە، خاوەنی 14 گۆڵ و 14 ئەسیستە.
ریال مەدرید لە ناوەڕاستی یۆنیۆ/حوزەیرانی داهاتوو بەشداری لە مۆندیالی یانەکان دەکات. مەدرید لە کۆمەڵەی هەشتەم رووبەڕووی یانەکانی هیلال، رێد بوڵ سالزبورگ و پاچووکا دەبێتەوە.