مانچێستەر سیتی ئەستێرەیەک لە ریال مەدرید دەڕفێنێت
گواردیۆلا گرێبەستێکی گەورە واژۆ دەکات..

یاریگا –
مانچێستەر سیتی لەگەڵ تیجانی رێندەرس، یاریسازی ئەیسی میلان گەیشتووەتە رێککەوتنی زارەکی.
رۆژنامەنووسی تۆڕی سکای سپۆرتس ساچا تاڤۆلیێری بڵاویکردووەتەوە، مانچێستەر سیتی لەگەڵ تیجانی رێندەرسی هۆڵەندی رێککەوتنی زارەکی کردووە و ناوەڕاستکارەکەی ئەیسی میلان ئامادەیە پەیوەندی بە مان سیتی بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی سکای، مانچێستەر سیتی رووناکی سەوزی لە بریکاری کارەکانی رێندەرس وەرگرتووە، چونکە یاریزانەکە زۆر بەپەرۆشە بۆ پڕۆژەی یانە ئینگلیزییەکە و ئامادەیە روو لە پرێمەرلیگ بکات.

یاریزانە 26 ساڵانییەکە خەون بە یاریکردن لەژێردەستی پێپ گواردیۆلا دەبینێت و زۆر بە بارسێلۆنای سەردەمی تیکی تاکا سەرسامە، بڕوای وایە دەتوانێت لەژێر سەرپەرشتی گواردیۆلا زیاتر گەشە بکات. و بریکارەکەی ئاگادارکردووەتەوە ئامانجی لەپێشینەی ئەوەیە پەیوەندی بە مانچێستەر سیتی بکات.
هەر بۆیە سەرەڕای گرنگیپێدانەکانی ریال مەدرید، تیجانی لەگەڵ مانچێستەر سیتی رێککەوتنی زارەکی کردووە و دەیەوێت یاریی بۆ تیپەکەی گواردیۆلا بکات.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کردووە، مانچێستەر سیتی لەم هەفتەیە ئۆفەرێکی سەرەتایی پێشکەش بە ئەیسی میلان دەکات، یانە ئیتاڵییەکە داوای 65 ملیۆن یۆرۆ دەکات بەڵام مانچێستەر سیتی 50 ملیۆن یۆرۆ بە پاداشتەوە پێشکەش بە میلان دەکات.
رێندەرس لەگەڵ رۆدری دەبێتە دووانەیەکی بێخەوش بۆ تۆکمەکردنی هێڵی ناوەڕاستی مانچێستەر سیتی و گواردیۆلا بڕوای وایە بە گواستنەوەی ئەو ئەستێرە هۆڵەندییە دەتوانن نازناوی پرێمەرلیگ بەدەستبهێننەوە.