تایبەت بە یاریگا؛ هەولێر دوو گرێبەستی دیکەی یەکلایی کردەوە

یاریگا –
یانەی هەولێر دەستی بە بنیادنانەوەی پێکهاتەی تیپەکەی کردوو و گرێبەستی دوو یاریزانی دیکەی یەکلایی کردووەتەوە.
تۆڕی وەرزشیی یاریگا لە سەرچاوەیەکی نزیک لە گفتوگۆکان زانیوویەتی، یانەی هەولێر لەگەڵ حەسەن رائید، بەرگریکاری باڵی چەپی پێشووی یانەی زاخۆ گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی، هەموو شتێک یەکلایی بووەتەوە و تەنیا واژۆکردنی گرێبەستەکە و راگەیاندنی ماوە.

هەروەها تۆڕی وەرزشیی یاریگا زانیوویەتی، یانەی هەولێر لەگەڵ عەلا رەعد گەیشتووەتە رێککەوتن عەلا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مینا هەڵدەوەشێنێتەوە و دەگەڕێتەوە یانەی هەولێر.
عەلا رەعد وەرزی رابردوو یاری بۆ یانەی هەولێر کرد، بەڵام دوو هەفتە لەمەوبەر بەفەرمی پەیوەندی بە یانەی مینا کرد، بەڵام ئەو یاریزانە لەگەڵ مینا بەردەوام نابێت و دەگەڕێتەوە هەولێر.
یانەی هەولێر تاوەکوو ئێستا لەم مێرکاتۆیە گواستنەوەی سیگیتاس ئۆلبێرکیس، بەرگریکاری لیتوانی، شوبەر عەلی یاریزانی پێشووی زاخۆ و محمد خالد کوفی راگەیاندووە و گرێبەستی ئاکۆ عوزێر و سەفین مەنسوڕی نوێکردووەتەوە.




